توێژەرێکی بەریتانی: کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئاسایش و ئارامی دەکەن

کرێکاری بیانی
کرێکاری بیانی

K24 - لەندەن:

توێژەرێکی بەریتانیی لە لێکۆڵێنەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە، کرێکارانی بیانی و بەتایبەتی دەستی کاری ئافرەتانیان هەست بە سەقامگیری و ئاسایش دەکەن لە هەرێمی کوردستان و بە هۆکارێکیشی دەزانن لەوەی کە روویان لە هەرێم کردووە بۆ کارکردن.

پرۆفیسۆر ئیلینیۆر کۆفمان، مامۆستایە لە زانکۆی میدڵسێکس لە وڵاتی بەریتانیا و توێژینەوەکانی تیشدەکەخەنە سەر کۆچی دەستی کاری بیانی ئافرەتان و پرسی هاووڵاتیبوون.

ئەو ئەکادیمیستە لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دلۆڤان عیمادەدین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن، لە پەراوێزی کۆنفڕانسی توێژنەوەی کوردی لە زانکۆی لەندەن بۆ ئابووری و زانستە سیاسیەکان، باسی لەوەکرد، بۆ لێکۆڵینەوەکانی چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرێکارانی بیانی لە شارەکانی دهۆک و هەولێر ئەنجامداوە.

کۆفمان دەڵێت، "بەڵێ، کرێکارانی بیانی هەست بە ئاسایش و ئارامی دەکەن لە هەرێمی کوردستان. ‌هەرچەندە لە سەرەتادا خۆیان و خانەوادەکانیان هەستیان بە مەترسی کردووە کاتێک زانیویانە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و مەترستدارە. بەڵام کە گەشتوون بە هەرێم، هەستیان بە سەلامەتی کردووە و ستایشی ئەو هەست بە ئارامییەشیان کردووە."

پرۆفیسۆر ئیلینیۆر کۆفمان گوتیشی: "لە لای کرێکارانی بیانی، پرسی ئاسایش زۆر گرنگە و ئەگەر ئەو ئاسایش و ئارامییە بوونی نەبووایە، ئەوا ئامادەنەبوون لە کوردستان بمێننەوە،" توێژەرەکە کاتێک ئەمەی بۆ دەرکەوتووە کە دووبارە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا کردووە دوای ساڵانێکی زۆر لە کارکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بزانێت ئایا تێڕوانیان گۆڕاوە یاخود نا.

زیاتر لە 30 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری جیاوازدا کاردەکەن. بەدەر لەوەی بەشێک لەو ژمارەیە لە وڵاتانی دراوسێی عێراقەوە هاتوون، ژمارەیەکی زۆر لەو کرێکارانە خەڵکی وڵاتانی باشووری ئاسایان، وەک فلیپین و بەنگلادیش.

ئەو توێژەرە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە نەبوونی هەلی کار و کەمی موچە و جیاکاری، بەشێک لەو پاڵنەرانەن کە وا لە کرێکاری بیانی دەکەن بۆ کارکردن روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.