رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار دەدات لە سوودان

K24 - هەولێر:

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو هەفتەی رابردوو و دەستبەسەرداگرتنی چەند تاقیگەیەک، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار لە سوودان هەیە.

نیما سەعید، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە سوودان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی شەڕ و پێکدادانەکان زیاتربوون و لایەنێکی بەشەڕهاتوو دەستی بەسەر چەندین تاقیگەی گشتی لە ناوەندی ئەفەریقادا گرتووە، دۆخێکی مەترسیدار لە سوودان هەیە و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ و سورێژە لە وڵاتەکەدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئامارانەی سەبارەت بە کوژراوانی شەڕ و پێکدادانەکان بڵاودەکرێنەوە، راست نین و ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە زیاترن، پێشبینی دەکرێت سەروو 450 کەس کوژرابن.

شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان پێیناوەتە رۆژی دەیەم و دۆخەکە سات بە سات ئاڵۆزتر دەبێت، بەجۆرێک سوپای سوودان هێزی پشتیوانی خێرا تۆمەتباردەکات بەوەی، دەیانەوێت چەندین زیندانی مەترسیدار ئازادبکەن و رێگری لە پڕۆسەی کشاندنەوەی هاووڵاتییانی بیانی دەکەن.

لە ئەنجامی ئەو دۆخە ئاڵۆزەش، یەک دوای یەک وڵاتان هاووڵاتیانیان لە سوودان دەکشێننەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 وڵات هاووڵاتیانیان کشاندووەتەوە و بەشێکیشیان باڵیۆزخانەکانیان داخستوون.