کوردانی سوودان داوای بەهاناوەچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن

بەشێک لە کوردانی رۆژئاوا لە سوودان
بەشێک لە کوردانی رۆژئاوا لە سوودان

K24 – هەولێر:

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سوودانەوە، ئەو کوردانەی نیشتەجێی ئەو وڵاتەن داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەن بەهانایانەوە بچن.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، کوردانی نیشتەجێی سوودان ئاماژەیان بەوەکردووە، زیاتر لە 200 خیزانی کوردی رۆژئاوا کە خەڵکی ناوچەکانی گرێ سپی، سەرێ کانی، عەفرین و کۆبانێن بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەوە گیریان خواردووە.

یەکێک لەو ‌هاووڵاتییانەی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە سوودانە بە ناوی ئیبراهیم بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە ئەو خێزانە کوردانەی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سوودان دەژین و ئێستا گیریان خواردووە و هیچ شوێنێک نییە رووی تێبکەن بۆیە ئەو داوایەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا لە سوودانن ئاماژەیان بە مەترسی دۆخەکە کردووە و دەڵێن، لەو دۆخەدا کەس لێیان ناپرسێتەوە و رۆژ لە دوای رۆژیش دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەرەو خراپبوون دەچێت و ژیانیان لە مەترسیدایە.

لە راگەیەندراوەکەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە سوودان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و پارێزگاری هەولێر دەکەن "کە هەمیشە لەگەڵ کوردان وەستاونەتەوە لە حاڵەتە لەناکاوەکان و هاوکاری و پشتیوانیان پێشکەشکردوون" بەهانای ئەوانیش بچن و خۆیان و منداڵەکانیان لە نزیکترین دەرفەتدا لە سوودان رزگاربکەن.

سەر لە بەیانی رۆژی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.

وەزارەتی دەرەوەی سوودان ئەوەی راگەیاند، عەبولفەتاح ئەلبورهان، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری و  فەرماندەی سوپا راژەی هێزی پشتیوانی خێرای هەڵپەساردووە و وەک هێزێکی یاخی لە دەوڵەت رایگەیاندووە، لەسەر ئەم بنەمایەش سوپا رەفتاری کردووە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری راگەیەندراویش نزیکەی 450 کەس تاوەکو ئێستا لە ناوجە جیاجیاکانی سوودان کوژراون بەڵام رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە خراپە و ژمارەی قوربانییەکانیش لەوە زیاترە کە راگەیەندراوە.

وێنەی یەکێک لەو ناوچانەی کوردانی رۆژئاوای لێدەژین لە سوودان
وێنەی یەکێک لەو ناوچانەی کوردانی رۆژئاوای لێدەژین لە سوودان