دۆسیەیەکی دیکە لە دادگاکانی ئەمەریکا بۆ ترەمپ دەکرێتەوە

سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ
سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ

K24 - هەولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دوای دەرنەچوونەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2020، رووبەڕووی چەندین تۆمەتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و رەوشتی بووەوە و لەم چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە و دۆسیەکانیشی رەوانەی دادگا کراون، دوایەمینیشیان سکاڵایەکی ئافرەتێکی رۆژنامەنووسە و رایگەیاندووە، ترەمپ دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر.

ئی جین کارۆڵی کە ئافرەتێکی رۆژنامەنووسی ئەمەریکییە و پێشتر لە گۆڤاری ئێل کاری کردووە سکاڵایەتی لە دادگا تۆمارکردووە و تێیدا گوتوویەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم لە یەکێک لە فرۆشگاکانی شاری نیویۆرک هێرشی کردووەتە سەری و بە ئەنقەست ناوی ناشیرین کردووە دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر رووداوی ئەو هێرشەیدا تێپەڕیوە، جارێکی دیکە رووداوەکەی ئاشکرا کردووە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ (سێشەممە 25ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) داواکارییەکان لە غیابی ترەمپدا، لە بەردەم دادگای مەدەنی فیدراڵی لە مانهاتن دەستپێدەکەن، پاشان دوای هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخواردن بڕیار لەسەر بەهای ئەو قەرەبووە دەدرێت کە ئەم ڕۆژنامەنووسە تەمەن 79 ساڵەی پێشووی گۆڤاری ئێل ڕەنگە وەریبگرێت.

ئەم دۆسیەیە لەنێوان ترەمپ و کارۆلی لەوەتەی ساڵی 2019ـوە کراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کارۆلی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ترەمپ دەستدرێژی سێکسی کردووەتەسەر، بەڵام ترەمپ لەلای خۆیەوە رەتیدەکاتەوە.

بەگوێرەی نەریتی یاسایی لە دادگاکانی ئەمەریکا پێدەچێت ئەم دۆسیەیەی ترەمپ یەکێک بێ لە زنجیرەیەک دۆسیەی دیکەی ناوبراو کە رووبەڕووی دەبێتەوە و ڕەنگە ڕێگر بێت لە کاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ـی ئەمریکا و هەوڵەکانی بۆ گەیشتنەوەی بە کۆشکی سپی و وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بۆ خولی دووەم.