نەشتەرگەری چاندنی لوولپێچی گوێ بۆ منداڵانی نابیست ئەنجامدەدرێت

رێورەسمی واژووکردنەکە
رێورەسمی واژووکردنەکە

K24 – هەولێر:

لەسەر رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی دابینکردنی ئامێر و پێداویستی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێشکەوتووی تایبەت بە چاندنی ئامێری لوولپێچ لەناو گوێی ژوورەوە بۆ منداڵانی نابیست واژووکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە (25ــی نیسان/ ئێپڕڵی 2023)، لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوەکرد، لەسەر رەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ، بەئامادەبوونی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، گرێبەستی دابینکردنی ئامێر و پێداویستی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێشکەوتووی تایبەت بە چاندنی ئامێری لوولپێچ (زرع القوقعة Cochlear Implant) لەناو گوێی ژوورەوە بۆ منداڵانی نابیست واژووکرا.

لە راگەیاندروەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانە حکومی و تایبەت بە سەنتەری چاندنی لوولپێچی گوێ، لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی ناوەخۆیی بەتەواوی دابینکردنی پێداویستییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێم بۆ هەر نەخۆشێک بەبڕێکی گرانبەها دابین دەکرێت و بۆ نەخۆش بەخۆڕایی ئەنجام دەدرێت لەگەڵ ماوەی سازدانەوەی ئامێر و پڕۆسەی چارەسەری سروشتی قسەکردن Speech Therapy دوای نەشتەرگەری.

بە گوێرەی راگەیاندرەوەکەی وەزارەتی تەندروستی، دابینكردنی ئامێری لوولپێچی گوێ بۆ 144 نەخۆشی بەڵگەداری زانستی و ئەنجامدانی نەشتەرگەری چووە بواری جێبەجێکردن بۆماوەی یەك ساڵ، كە بۆ هەریەكەیان نزیكەی 15 هەزار دۆلار تێچووی دەبێت و تەواوی ئەم خەرجییە لەلایەن سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر دراوە.