لافاو سەدا 85 ـی ناوچەی گەشتیاری 'گه‌لی سێپركای" وێرانکردووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر:

رێگه‌ی گه‌لی سێپركا، کە یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکان لە سنووری دهۆک به‌هۆی لافاوەوە تێكچووه‌.

گەلی سێپركا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی و بوونی چەندین چیا و ئاوی سازگار و سارد، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و بە یەکێک لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێت، بەڵام لافاوی چەند رۆژی رابردوو زۆرینەی رێگە و پردەکانی ناوچە گەشتیارییەکەی لەناوبردووە و بەهۆیەوە گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەکە ئەستەم بووە.

ئەو کەسانەی لەو شوێنه‌ كارده‌كه‌ن ده‌لێن لافاو له‌ سه‌دا 85ی شوێنه‌كانی له‌ناوبردوون و زیانێكی زۆریشی لێداون، بۆیه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن رێگه‌ و پرده‌كانیان بۆ نۆژەن بکەنەوە.

پەلەوان ئامێدی خاوەنی شوێنی گەشتیاریی "گەلی سێپركا" بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا نزیکەی 11 ملیۆن دیناریان لە نووژەنکردنەوەی رێگ و پردەکانی گەلییەکە تەرخانکردوون، بەڵام شەپولی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو زیانی بە هەموو رێگە و پردەکانی گەلییەکە گەیاندووە و وێرانی کردوون. گوتیشی، شەپولی بارانبارینەکە لە کۆی سێ پرد؛ تەنها یەک پردی هێشتووەتەوە، ئەوانەی دیکە پاشماوەشیان نەماون.

لە رۆژانی ئاسایی خۆیدا، زیاتر لە 300 کەپر و شوێنی گەشتیاری لە گەلی سێبرکا هەبوون و زیاتر لە 350 کەس کاریان تێیدا دەکرد.

ئەو کەسانەی لە گەلییەکە کاردەکەن، دەڵێن، بەدرێژایی تەمەنیان لافاوێکی هاوشێوەی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوویان نەبینیوە. محەممەد عەلی، کە یەکێکە لەو کەسانەی لە گەلی سێبرکا کاردەکات، گوتی، "باوکیشم لافاوی هاوشێوەی چەند رۆژی رابردووی نەبینیوە، نزیکەی 85٪ـی شوێنی گەشتیاریی گەلی سێبرکای وێرانکردووە".

پێش لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو، رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار گەشتیار سەردانی گەلی سێبرکایان دەکرد، بەڵام ئێستا شوێنە گەشتیارییەکە چۆڵە و کەس لێی نابیندرێت، بۆیە خاوەنەکانی شوێنەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، رێگا و پردەکانی شوێنەکە نووژەن بکەنەوە.