ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران کوژرا

عەباس عەلی سولەیمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران
عەباس عەلی سولەیمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران کوژرا و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، "بکوژەکە دەستگیرکراوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی نیسانی 2023، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، عەباس عەلی سولەیمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران بە 'دەستڕێژی گولـلـە' کوژراوە.

بەرپرسانی ئەمنی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، بکوژەکە دەستگیرکراوە و هەر لەو هێرشەدا سێ کەسی دیکەش بریندارکراون.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، رووداوەکە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس لە شاری بابولسەری باکووری ئێران روویداوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.