داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوو حەوت ملیار دۆلار بووە

کێڵگەیەکی نەوتی لە بەسڕە
کێڵگەیەکی نەوتی لە بەسڕە

K24 - هەولێر:

وەزارەتی نەوتی عێراق دوایین ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئاداری رابردوو بڵاوکردەوە، کە تێکڕای داهات نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق کە پشتی بە ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ بەستووە، بە درێژایی مانگی ئاداری رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن و 913 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، کە داهاتەکەی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، زیاتر لە 98 ملیۆن 875 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەناردەکراوە و بڕی ملیۆنێک و 727 هەزار بەرمیلیش لە کێڵگەی کەرکووک هەناردەکراوە.

ناوەندی نرخی بەرمیلێک نەوتی فرۆشراویش 74.38 دۆلار بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (2ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 211 هەزار بەرمیل نەوتی لە سەرەتای مانگی ئایارەوە راگەیاند، لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەش، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی بازاڕی نەوتی جیهانییە.

هەروەها رۆژی (25ـی ئاداری 2023)، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس کەیسێکی لەنێوان تورکیا و عێراق یەکلایی کردەوە.