مونا قەهوەچی: هیچ رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م دانیشتنه‌كانی پەرلەماندا نییه‌

K24 - هەولێر:

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان جەخت لەسەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و رایگەیاند هیچ رێگرییەک لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان نییە بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی.

ئەمڕۆ پێنجشەمە (27ــی نیسان/ ئێپرێلی 2023)، مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەهۆی پشووی جەژنەوە دانیشتنەکانی پەرلەمان راگیرابوون و هەرکاتێک پرۆژەیاساکان ئامادەبکرێت لەلایەن لیژنە تایبەتمەنداکانەوە دانیشتنەکانی پەرلەمانە کوردستان دەستپێدەکاتەوە.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی گوتی "هیچ رێگرییەک نییە لەبەردەم پەرلەمان تا دانیشتنەکانی دەستپێنەکاتەوە".

تایبەت بە پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، هەرکاتێک دانیشتنەکانی پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەوکات کۆمیسیۆن کارا دەکرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مونا قەهوەچی جارێکی دیکە هەڵوێستی پێکهاتەکانی بۆ شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بە یەک بازنەیی دووپاتکردووە و رایگەیاند، هەموو نوێنەرانی پێکهاتەکان سوورن لەسەر ئەوەی بەشێوەی یەک بازنەیی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.