چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: له‌ په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ په‌له‌ ده‌كه‌ین

لۆگۆی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی
لۆگۆی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی

K24 - هەولێر:

چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتیده‌كاته‌وه‌، یاسای بودجەی فیدراڵی ناکەوێتە ژێر موزایەدە و زەوتکردنی هیچ لایەنێکی سیاسییه‌وه‌.

عەلی فەتلاوی، سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێگەیان نەداوە و ناهێڵن یاسای بودجە بکەوێتە بەر هیچ حاڵەتێکی موزایەدەی هیچ لایەنێکی سیاسییەوە.

فه‌تلاوی ئاماژەی بەوەشکردووه‌، ئەم یاسایە کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە و دەبێت دوور بێت لە هەموو ئەجێندایەکی سیاسی، بۆیه‌ هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریانداوە لە ماوەی داهاتوودا پەلە بکەن لە تێپەڕاندنی یاسای بودجە، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق بتوانێت بەرنامەکەی جێبەجێ بکات.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.