سه‌دان كۆچبه‌ری نایاسایی مه‌كسیكی له‌ سنووره‌كانی ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێن بچنه‌ ناو ئه‌و وڵاته‌وه‌

سه‌رسنووری ئه‌مه‌ریكا- مه‌كسیك
سه‌رسنووری ئه‌مه‌ریكا- مه‌كسیك

K24 - هەولێر:

هێزە ئەمنییەکانی مەکسیک رووبەڕووی سەدان کۆچبەری نایاسایی بوونەوە، کە دەیانویست بپەڕنەوە ئەمه‌ریکا.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی مەکسیک بڵاوکراونەتەوە، سەدان کەس کە زۆربەیان خەڵکی ڤێنزوێلا بوون، بە بەلەم لە شاری ماتامۆرۆسی مەکسیکەوە هەوڵیانداوە لە رووباری ریۆ گراندە بپەڕنەوە، کە هەردوو وڵاتەکە لەیەکتر جیادەکاتەوە.

هێزە ئەمنییەکانی مەکسیک رووبەڕووی کۆچبەران بوونەوە کە دەیانویست بگەنە شاری براونزڤیل لە ویلایەتی تەکساس.

کۆچبەران بە بیانووەی ئەوەی کە بەهۆی توندوتیژی، هەژاری و ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەکەیاندا هەڵاتوون، لە ناوچە سنوورییەکاندا لە چاوەڕوانیدان تا بە جۆرێک لە جۆرەکان بپەڕنەوە ئەمه‌ریکا.

پەیمانگای نیشتمانیی کۆچبەرانی مەکسیک لە راگەیەندراوێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، کە دەسەڵاتدارانی ئەمه‌ریکا کۆچبەران دەنێرنەوە وڵاتەکەیان، ئەگەر بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکان ببەزێنن، داوا کراوە ئەو کۆچبەرانە داواکارییەکی فەرمی پێشکەش بکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەکاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری ئەمه‌ریکا دەستگیرکراون، لە ساڵی 2022دا دوو ملیۆن و 76 هەزار کەس بوونه‌

بەگوێرەی داتاکانی دەسەڵاتدارانی مەکسیک، پێشبینیدەکرێت، هەشت ملیۆن 760 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە ئه‌مه‌ریكادا بژین.