تەقینەوەی 'تی ئێن تییەک' لە سنووری ئامێدی گیانلەدەستدانی مامۆستایەکی لێکەوتەوە

دڵشاد عەبدوڵڕەحمان، ئەو هاووڵاتییەی تی ئێن تی پێیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا | وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دڵشاد عەبدوڵڕەحمان، ئەو هاووڵاتییەی تی ئێن تی پێیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا | وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

K24 - هەولێر:

لە دەڤەری "سیلێ"ـی سنووری قەزای ئامێدی تی ئێن تییەک بە سێ هاووڵاتیدا تەقییەوە و یەكێکیان کە مامۆستا بوو "هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستدا". بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئامێدیش دەڵێت، یەکێک لە بریندارەکان پیویستی بە نەشتەرگەرییە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 28ـی نیسانی 2023، ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەکانی (مرێبکا و کانودێرا) لە سنووری قەزای ئامێدی بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان روویان لە بەرزاییەکانی چیای "ئەلهو" لە زنجیرە چیاکانی مەتینا لە سنووری قەزای ئامێدی کردبوو، تی ئێن تییەک پێیاندا تەقییەوە و بـەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندارن.

ئیبراهیم حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئامێدی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، ناوی "دڵشاد عەبدوڵڕەحمان"ـە، پیشەی مامۆستایەتی دەکرد و بـاوکی دوو منداڵ بوو. هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکە کە لە گەڵیدا بوون، برینداربوونە.

 

 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئامێدی ئاماژەی بەوەشکرد، نەجیب عامر، یەکێک لە بریندارەکانی رووداوەکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لە ئامێدییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی "بەڕۆشکێ" لە دهۆک کراوە، بەڵام تەندروستیی جێگیرە. روونیشیکردەوە، بریندارەکە پێویستیی بە نەشتەرگەریی هەیە، چونکە "چەند ساجمەیەک بەر دەست، قاچ، چاو و سەری کەوتوون، بۆ ئەوەی مەترسیی لەسەر ژیانی نامینێت، پێویستیی بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە".

وەکوو ئەوەی ئیبراهیم حەسەن ئاماژەی پێکرد، برینداری سێیەمی رووداوەکە برینەکەی سووک بووە، بۆیە پێویستیی بەوە نەبووە رەوانەی نەخۆشخانەی بەڕۆشکێی دهۆک بکرێت و نێردراوەتە ماڵەوە.

علمی ئامێدی، ئامۆزای ئەو بریندارەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەڕۆشکی کراوە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامۆزاکەی و هەردوو کەسەی دیکە، "بارودۆخی داراییان باش نەبووە"، بۆیە چوونەتە شاخ بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان و فرۆشتنیان. گوتیشی، "جاری یەکەم نییە دەچنە شاخ و شارەزای شوێنەکە بوون."

 

 

بەگوتەی علمی ئامێدی، ئەو شوێنەی رووداوەکە لێی رووداوە پێی دەگوترێت "دەڤەرا سیلێ"، سێ بۆ چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ئامێدی دوورە و "جاری یەکەمە 'تی ئێن تی' لەو ناوچەیە دەتەقێتەوە و پێشتر رووداوی لەم شێوەیە رووینەداوە، بۆیە ئەوانەی کە چووبوون لەو بڕوایەدابوون، شوێنەکە ئارامە و تەقەمەنی لێ نین".