بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 دووەم کۆنسێرتی 'هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە' لە هەولێر بەڕێوەچوو

بەڕێوەچوونی دووەم کۆنسێرتی 'هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە' بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24  | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24
بەڕێوەچوونی دووەم کۆنسێرتی 'هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە' بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 | وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24

K24 - هەولێر:

لە شاری هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان، دووەم کۆنسێرتی 'هیوا و هێز بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە' بەڕێوەچوو.

کۆنسێرتەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 28ـی نیسانی 2023،  کاتژمێر 18:00 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو. داهاتەکەی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە تەرخاندەکرێت.

ژمارەیەک هونەرمەندی هەر چوار پارچەی کوردستان بە مەبەستی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی دارایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بەشدارییان لە کۆنسێرتەکەدا کرد.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە یاوەری هاوژینەکەی بەشداری لە کۆنسێرتەکەدا کرد؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەم بۆ سازکردنی ئەم کۆنسێرتە. ئەم کارە گەورەیە بە قەد گەورەیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بە شانازییەوە لەگەڵ خێزانەکەم بەشداریم لە کۆنسێرتەکەدا کرد".