پێنتاگۆن: لە ساڵی 2022 زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لەنێو سوپای ئەمەریکادا تۆمارکراون

ژماریەک سەربازی سوپای ئەمەریکا | وێنە: Washimgton Post
ژماریەک سەربازی سوپای ئەمەریکا | وێنە: Washimgton Post

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، راپۆرتی تایبەت بە "دەستدرێژی سێکسی"ی لە ساڵی 2022دا بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی ساڵی 2022دا، هەشت هەزار و 942 حاڵەتی "دەستدرێژی سێکسی" لەناو سوپای ئەمەریکادا تۆمار کراون.

بەمپێیەش لەناو سوپادا لەلایەن سەرباز، کارمەندی مەدەنی و ئەندامانی سوپای بیانییەوە هەشت هەزار و 942 حاڵەتی دەستدرێژی بۆسەرسەربازانی ئەمریکی ئەنجامدراون.

لەکۆی ئەو حاڵەتانەش پێنج هەزار و 941یان بە فەرماندەیی و هێزەکانی بەرگریی راگەیەندراون، سێ هەزار و یەک حاڵەتیشیان تا ئێستا بەنهێنی ماونەتەوە، بەڵام وەک حاڵەتەکانی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی تۆمار کراون.

حەوت هەزار و 958 حاڵەتیان لەلایەن سەرباز، 44یان لەلایەن کارمەندانی مەدەنی وەزارەت، 698یان لەلایەن کارمەندانی مەدەنی دیکە، 14یان لەلایەن کارمەندانی گرێبەست، 41یان لەلایەن سەربازانی بیانییەوە ئەنجامدراون و 187 حاڵەتیشیان ئەنجامدەرەکانیان نادیارە.

لە کۆی ئەو هەشت هەزار و 942 حاڵەتەی کە تۆمار کراون، دادگا لە بارەی سێ هەزار و 928 حاڵەتییانەوە گەیشتووەتە ئەنجام، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 188 حاڵەتیان لەلایەن فەرماندەیی پەیوەندیدارەوە لێکۆڵینەوەیان لێکراوە.

فەرماندەیی پەیوەندیدار دەربارەی دوو هەزار و 117 حاڵەتیان، بەڵگەی پێویستی بەدەستهێناوە، هەزار و 31 حاڵەتیشیانی ناردووە بۆ دەسەڵاتی دادوەری و 40 حاڵەتیشیان بێبنەما دەرچوون.