کوردێک لە گوێڕ لەلایەن داعش کوژرا
K24 – هەولێر
چەکدارانی داعش لە گوێڕ دوو هاووڵاتی کورد دەڕفێنن، یەکێکیان کوشتووە و ئەوەی دیکەشیان بە برینداری رزگارکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، دوێنێ 28/4/2023، دوو هاووڵاتی کورد بە مەبەستی راوە ماسی چوونەتە سەر زێی گوێڕ، لەلایەن داعش رفێندراون و یەکێکیان کوشتووە و ئەوەی دیکەشیان رزگارکراوە.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەو دوو کەسە دوای نەگەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە و داخرانی تەلەفۆنەکانیان لەلایەن خێزانەکانیان دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەوان چوونەتە ئەو شوێنە و نەگەڕاونەتەوە، دواتر زانراوە کە لەلایەن داعش رفێندراون.
ئەو سەرچاوە راشیگەیاند، ئەو کەسەی کە لەلایەن داعش کوژراوە سەربازی سوپای عێراق بووە، ئەوەی دیکەشیان هاووڵاتی ئاسایی بووە.
گوتیشی: "ئەو کەسەی کوژراوە ناوی غازی قاسم-ە خەڵکی گوندی کەپرانی سەر بە ناحیەی گوێڕە".