دانە گاز: بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کوردستان سەدا 9.5 زیادیکردووە

K24 – هەولێر

بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای دانە گاز، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کوردستان بە رێژەی سەدا 9.5 زیادیکردووە.

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی، کە گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 9.5%، بەرزبووەتەوە.

ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوکردووەتەوە، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی سەدا 9.5 لەسەر بنەمای ساڵانە و بەرێژەی سەدا 7.6 بەراورد بە وەرزی پێش خۆی بەرزبووەتەوە.

دانە گاز ئاشکرای دەکات، توانای بەرهەمهێنان لە وێستگەی گازی کۆرمۆر بە بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە، بەمەش تێکڕای توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە گیەشتووەتە 500 ملیۆن مەتر سێجا.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو دەست دەکەن بە فراوانکردنی کێڵگەکە و کار لە پڕۆژەی کۆرمۆر 250 دەکەن، بۆ پارەدارکردنی توێژینەوە بۆ چەندین بژاردە دەکەن وەک دەرکردنی قەواڵە.