تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆله ناکۆتاکان و نیشتیمانی پۆلی نۆیەم دەستیانپێکرد

K24 - هەولێر:

بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار قوتابی، تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمی پۆله ناکۆتاکان و نیشتیمانی پۆلی نۆیەم لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد.

ئەمڕۆ شەممە 29ـی نیسانی 2023، م. نورەددین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار قوتابی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی خولی یەکەمی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەوابوونی سەردەم ئامادەکارییەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، بە بەشداری نزیکەی 124 هەزار قوتابی، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی "وەزاری" پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەستیانپێکرد.

بە گوتەی م. نورەددین عوسمان، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە سەرجەم قوتابخانەکان لە یەک کاتدا و لە رۆژی چوارشەممە 10ـی ئایاری 2023 تەواو دەبن، بەڵام مەرج نییە ئەزموونەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە یەک رۆژدا تەواو ببن، "چونکە خشتەی تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە جیاوازە".

نەوزاد عەبدوڵلا، بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی گشتیی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاتر لە 500 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکە بەشداریان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە؛ لەو ژمارەیە 38 هەزار و 270 قوتابی پۆلی نۆیەمن کە لە تاقیکردنەوکانی نیشتمانیدا بەشدارییان کردووە. 

 

 

هاوکات دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمساڵ 380 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگاکە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ ئەنجام دەدەن، بەم شێوەیە؛ (40 هەزار قوتابی پۆلی 12ن، کە لە ماوەی داهاتوودا تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی ئەنجام دەدەن)، 27 هەزار و 554 قوتابی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی ئەنجام دەدەن و 312 هەزار و 446 قوتابی دیکە، تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان ئەنجام دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتیی پەروردەی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 365 هەزار قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانی نیشتیمانی پۆلی نۆیەم و تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکانی دیکە دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروردەی پارێزگای دهۆک روونیشیکردەوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک سەرجەم پێداویستیی تاقیکردنەوەکان؛ دابینکردنی هۆڵ، دانانی سەرپەرشتیار و مامۆستا بۆ هۆڵەکان و پێداویستی قوتابیان بەشێوەیەکی زۆر باش دابینکراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 28ـی نیسانی 2023، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی بڵاوکردەوە.

 

رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی
رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی

 

 

بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، هێرشکردنە سەر مامۆستایان لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە هێرشکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەت هەژماردەکرێت، هەر خوێندکارێکیش ئەنجامی بدات ئەو ساڵی خوێندنی بە کەوتوو دادەنرێت و رێگەنادرێت تاقیکردنەوە ئەنجامبداتەوە.

 

رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی
رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی

 

لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکاندا هاتووە: سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و یاریدەدەری هۆڵی تاقیکردنەوەکان و مامۆستایانی چاودێر، بۆیان نییە مۆبایل ببەنە هۆڵی تاقیکردنەوە گشتییەکان.

 

رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی
رێنماییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی

 

هەر لە رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژە بەوە کراوە، بردنە ژوورەوەی هەموو جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی بۆ ناو ناوەندەکانی تاقیکردنەوە قەدەغەیە و رێگە پێنەدراوە، پێش ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیش، پێویستە پشکنین بۆ سەرجەم قوتابییان بکرێت.