پەنابەرە سوورییەکان لە لوبنان خۆیان حەشاردەدەن

لوبنان
لوبنان

K24 - هەولێر

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا پرسی پەنابەرانی سووریای لە لوبنان خستووەڕوو، بە گوتەی خۆی لە ترسی دیپۆرتکردنەوەیان لە لوبنان لە بارێکی خراپدا دەژین.

بەگوێرەی رێکخراوێکی مرۆیی، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، سوپای لوبنان هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو سوورییانە دەستپێکردووە، کە خاوەنی نشینگە ( ئیقامە) و ناسنامە نین، لە ئەنجامدا نزیکەی 450 کەس دەستگیرکران، کە زیاتر لە 60 کەسیان دیپۆرتکرانەوە بۆ سووریا.

سامر پەنابەرێکی سووریە و تەمەنی 26 ساڵانە، بە ئاژنسی فرانس پرێسی گوت: دەترسین وەکو هەمان چارەنووسی خۆمان بژین و دیپۆرت بکرێینەوە بۆ سووریا.

سامر لەگەڵ براکەی لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە بەشداری ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دژ بە رژێمی سووریایان کردبوو، لە ساڵی 2011 دا، دەشڵێت: "دەترسین براکەم بێسەروشوێن بێت لە زیندانەکانی رژێمدا".

دوای تێکچوونی دۆخی سووریا لە ساڵی 2011 دا، ژمارەیەکی زۆر لە سوورییەکان پەنایان بۆ لوبنان برد، لە ئێستادا دەسەڵاتداران مەزەندە دەکەن کە زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر لە لوبناندا هەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە ژمارەی تۆمارکراو لە نەتەوە یەکگرتووەکان 800 هەزار پەنابەر زیاترە.

لە لوبنان گوشارەکان لەسەر پەنابەرە سوورییەکان جیاواز بوون، لە هەندێک کاتدا هاتووچۆیان لێ قەدەغە دەکرا، دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ، تا دەگاتە هەڵکوتانە سەر و سنووردارکردنی مامەڵەی نیشتەجێبوون، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران دۆسیەی پەنابەران وەک بارگرانییەک سەیر دەکەن و پێیان وایە کە بوونیان هۆکارە بۆ خراپتربوونی دارمانی ئابووری لە لوبنان.

سامر، دەڵێت: "ئێمەش ماندووین، چارەسەریشمان دەوێت، ئێمە پارەمان ناوێت، هیچمان لە لوبنانەوە ناوێت. ئێمە تۆمەتبار دەکەن بەوەی هاوکاریمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە دۆلار وەرگرتووە، بەڵام ئەوە راست نییە".

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکاتەوە، کە ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە، تەنها بە لیرەی لوبنانی هاوکاری نەختینەیی وەردەگرن، هەروەها ئەو پارەیەی لەبەردەستیدایە 43 % ی ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە پێویستیان پێیەتی.

سەرچاوەیەک کە بەدواداچوونی بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە و بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، لە هەندێک حاڵەتدا منداڵان لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە.

ژمارەیەک لە سوورییەکان ترسێکیان دەربڕی کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەستی بەسەر ئەواندا گرتووە و تەنانەت نەتوانن بچنە دەرەوە بۆ سەر شەقامەکان.

ئەبو سەلیم، ناوێکی خوازراوی پەنابەرێکی سووریە، دەڵێت: چەند رۆژێکە من و نزیکەی 20 کرێکاری دیکەی سووری لە کۆگای ئەو شوێنەی کە کار دەکەین دانیشتووین، لە ترسی دەستگیرکردنمان،  دەشڵێت، "نامەوێت دووبارە دەستگیربکرێم، ئەگەر جارێکی دیکە بچمە ناو زیندانەوە لێی دەرناچم".

نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، رۆژی چوارشەممە، دوو کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی ئاوارەکانی سووریا، کە لەو ماوەیەدا پشتڕاستکرایەوە کە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری رێوشوێنی دژی سەرپێچیکاران، بەتایبەتی سەبارەت بەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ژوورەوە و خاوەنی بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی نین.