له هه‌فته‌یه‌كدا زیاتر لە هه‌زار كۆچبه‌ر له توركیا دیپۆرتكراونه‌ته‌وه
K24 - هەولێر
لە ماوەی هەفتەیەکدا هەزار و 860 کۆچبەری نایاسایی لە سەرانسەری توركیادا قۆڵبه‌ستكراون و هه‌زار و یه‌ك کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاته‌كانیان كراونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڵاوی کردەوە، له هه‌فته‌ی 21 تا 27ی نیساندا له سه‌رانسه‌ری وڵاته‌كه‌دا، هەزار و 860 کۆچبەری نایاسایی قۆڵبه‌ستكراون، كه 698یان ئه‌فغانی، 32یان پاكستانی، هه‌زار و 130یان له ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه بوون.
هەر بەپێی ئامارەکە، هه‌زار و یه‌ك کۆچبەری نایاسایی دیپۆرتی وڵاته‌كانیان كراونه‌ته‌وه کە 382یان ئه‌فغانی، سێیان پاكستانی و 616 کەسیان له ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه بوون و به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی چوونه‌ته نێو توركیاوه.
ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 27ی نیسان دیپۆرتی وڵاته‌كانیان کراونەتەوە، گەیشتووەتە 33 هەزار و 741 کۆچبەر كه 10 هه‌زار و 986 یان ئه‌فغانی، هه‌زار و 719یان پاكستانی و 21 هه‌زار و 36 کەسیان له ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، له هه‌مان ماوه‌دا، رێگریی لە چوونه ناوه‌وه‌ی 20 هەزار و 96 کۆچبەری نایاسایی بۆ تورکیا کراوه. له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه تا ئێستا، ژماره‌ی ئه‌و كۆچبه‌ره نایاساییانه‌ی رێگرییان لێكراوه بچنه ناو توركیاوه 74 هه‌زار و 981 كۆچبه‌رن.
وەک لە ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی پێکراوە، 16 هەزار و 67 کۆچبەری نایاسایی لە ناوەندەکانی ره‌وانه‌كردنه‌وه‌دان، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و 324 کەسیان ئه‌فغانی، هه‌زار و 811یان پاكستانی و نۆ هەزار و 932یان له ره‌چه‌ڵه‌كی دیكه‌ن.