کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن دەگەڕێتەوە ژاپۆن

کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن "USS George Washington" | وێنە: Steve Helber / AP
کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن "USS George Washington" | وێنە: Steve Helber / AP

K24 - هەولێر:

ئەمەریکا رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن "USS George Washington" دەگەڕێتەوە ژاپۆن.

هێزە دەریایییەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن "USS George Washington" بۆ دووەمین جار دەگەڕێتەوە ژاپۆن.

لە هەمبەر زیادبوونی جموجۆڵە "هەڕەشە ئامێزەکان"ی چین و رووسیادا لە ناوچەی زەریای هیند-زەریای پاسیفیک، ئەمەریکا خوازیارە هاوکارییە دەریاییەکانی لەگەڵ ژاپۆن بەهێزتر بکات.

هێزە دەریایییەکانی ئەمەریکا رایگەیاند،  کەشتی فڕۆکەهەڵگری رۆناڵد رەیگان "USS Ronald Reagan" کە لە بنکەی دەریایی یۆکۆسوکا لە ژاپۆن لەنگەری گرتووە لە بەهاری 2024 دەگەڕێتەوە ئەمەریکا.

بەم پێیە کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن لە نیوەی دووەمی ساڵی 2024 بۆ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ یۆکۆسوکا.

کەشتی جۆرج واشنتۆن لە ساڵانی 2008 - 2015  ئەرکدار کرابوو. یەکەم جار بوو کە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر لە بەندەرێکی ژاپۆن جێگیر بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، سەرۆکی شارەوانی یۆکۆسوکا، کامیجی کاتسواکی-یان لەبارەی گۆڕانکاریی ئەرکی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا ئاگادارکردووەتەوە.

کامیجی کاتسواکی، سەرۆکی شارەوانی یۆکۆسوکا،  لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "بوونی هێزە دەریایییەکانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە".

کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتۆن بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات.

فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، بەشدارن لە مانۆڕە هاوبەشەکاندا کە بە هاوکاریی هێزەکانی بەرگریی تایبەتی ژاپۆن و سوپای کۆریای باشوور رێکدەخرێن.