وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کوردستان24: تا ئەمڕۆ 254 هاووڵاتیی عێراقیمان لە سوودان گەڕاندووەتەوە

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرپەرشتیی گەڕانەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە دەکات |  وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرپەرشتیی گەڕانەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە دەکات | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکانی دانیشتووی سوودان بەردەوامە و تا ئەمڕۆ لە رێگەی چەند قۆناغێکەوە 254 هاووڵاتیی عێراقییان لەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە.

رۆژی یەکشەممە 30ـی نیسانی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوودانەوە تا ئەمڕۆ توانیویانە 270 هاووڵاتیی عێراقی و سووری لەو وڵاتەوە بگەڕێننەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لەو 270 هاووڵاتییەی لە سوودانەوە گەڕێندراونەتەوە، 254ـیان هاووڵاتیی عێراقین و 16ـی دیکەشیان هاووڵاتیی سوورین.

گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)
گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)

 

وەکو ئەوەی ئەحمەد سەحاف باسی لێوە دەکات، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقی و سووریانە لە ڕێگەی چەند قۆناغێکی جیاوازەوە بووە؛ لە قۆناغی یەکەمدا 234 هاووڵاتیی گەڕێندراونەتەوە، لە قۆناغی دووەمدا 21 هاووڵاتی، لە قۆناغی سێیەمدا هەشت هاووڵاتی و لە قۆناغی چوارەمدا حەفت هاووڵاتیی گەڕێندراونەتەوە.

 

گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)
گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: AFP

 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق روونیشیکردەوە، ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعوودیە و ئیمارات سەرەتا گوازراونەتەوە 'جەددە و ئەبوزەبی'، دواتر گەڕێندراونەتەوە عێراق، دووپاتیشیکردەوە، پڕۆسەکە بەردەوامە "تا ئەو کاتەی سەرجەم هاووڵاتییە عێراقییەکان دەگەڕێنینەوە".

 

گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)
گەڕاندنەوەی بەشێک لە هاووڵاتییە عێراقییەکان لە سوودانەوە | وێنە: کەناڵی تێلێگرامی وەزارەتی دەرەوەی عێراق (ئەرشیف)

 

پێشتر نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردبووەوە، لەسەر فەرمانی ناوبراو دوو فڕۆکەی تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە سوودان گیریانخواردووە، رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن.

هەروەها نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان کرد، هەماهەنگی ورد بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکانی سوودان بە زووترین کات بکەن.

رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە، سوپای سوودان رەزامەندی نیشاندا ئاگربەست لە خەرتوومی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئاژنسەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن، سەرباری هەبوونی ئاگربەست، پێکدادان لە شاری خەرتومی پایتەخت و باشووری ئوم دەرمان بەردەوامی هەیە، سەربازانی هێزەکانی پشتیوانی خێراش لەناوچەکانی نیشتەجێبوون جێگیرکراون.

رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، دۆخی سوودان زۆر جێگای نیگەرانییە و بەشێک لە نەخۆشخانەکانی سوودان بەهۆی شەڕ و کەمی کارمەندان و پێداویستی پزیشکییەوە داخراون.

لە بەیانی 15ی نیسانی 2023، لە خەرتووم پایتەختی سوودان و چەندین شاری دیکە پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەو ناکۆکییانەی لە چەند مانگی رابردوودا دەربارەی چاکسازی سەربازیی لە ئارادابوون و تییادا پێشنیاز کرابوو هێزەکانی پشتیوانی خێرا "بەتەواوی ببێتە بەشێک لە سوپا" گۆڕا بۆ پێکدادان.