لە هەرێمی کوردستان رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ خوێندنی باڵا بۆ ھەموو تاكێك بەبێ جیاوازی هەیە

گۆڤاری نەیچەر: سەدا 60ـی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە رەگەزی مێن
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەمیر چالی و پرۆفیسۆر ئیبراھیم كەریمی
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەمیر چالی و پرۆفیسۆر ئیبراھیم كەریمی

K24 – هەولێر:

راوێژكارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ توێژینەوەی زانستی و زانایەکی كورد لە زانكۆی ئۆتاوای كەنەدا بە هاوبەشی بابەتێك لەسەر بەرەو پێشچوونی خوێندنی باڵای كوردستان لە گۆڤاری نەیچەردا بڵاودەکەنەوە.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئەمیر چالی، راوێژكاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و پرۆفیسۆر ئیبراھیم كەریمی، زانای گەورەی كورد لە زانكۆی ئۆتاوای كەنەدا، راپۆرتێك لە گۆڤاری نەیچەردا بڵاودەكەنەوە و تێیدا باسیان لە رابردوو، ئێستا و ئایندەی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان كردووە.

لە راپۆرتەكەدا دیدگای وەزارەتی خوێندنی باڵا خراوەتەڕوو كە ھاوتەریبە لەگەڵ بەرنامەی چاكسازی کابینەى نۆیەمى حكومەتی ھەرێمى کوردستان لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا.

لە راپۆرتەكەی گۆڤاری نەیچەردا ھاتووە: "كوردستان وەكو ھەرێمێكی سەربەخۆ لە باكووری عێراق نموونەیەكی ئەرێنییە لە ھەماھەنگیکردنى نێوان خوێندنی باڵا و كەرتی پیشەسازی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و گەشەسەندنی كۆمەڵگە. ھەرێمی كوردستان سەرەرای ھەبوونی بەرفراوانی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی كە پێكھاتووە لە كورد، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی، ئێزدی، توركمان و کریستیان، پابەندی تەواوی ھەیە بۆ رەخساندنی دەرفەتی یەكسان بۆ بەردەستبوونی خوێندنی باڵا بۆ ھەموو تاكێك بەبێ جیاوازی".

د. ئەمیر چالی و پرۆفیسۆر ئیبراھیم كەریمی لە راپۆرتەکەیاندا بەخستنەڕووی داتا و زانیاری روونیانکردووەتەوە، لە ماوەی كەمتر لە 15 ساڵدا ژمارەی ناوەندەكانی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان لە یەك زانكۆوە گەیشتووەتە 43 زانكۆ و پەیمانگە كە 200 هەزار قوتابی لەخۆدەگرن كە رەگەزی مێ نزیكەی 60%ـی ئەو ئەو ژمارەیە پێكدێنن.
هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زیاترى قوتابی و توێژەر لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری پەیرەوكردنی سیستمی بۆلۆنیای لە ھەموو ناوەندەكانی خوێندنی باڵادا داوە.

هاوکات باس لەوەشکراوە، بۆ پاڵپشتیکردنی داھێنان و نوێگەریی، حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیمانگەی داھێنانی دامەزراندووە كە لە رێگەی ئەم پەیمانگەیەوە داھێنەران دەتوانن بیرۆكەكانیان بكەنە راستی و پاڵپشتی دەکرێن. ھەروەھا ئەو پەیمانگەیە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات بۆ بەھێزكردنی پەیوەندی نێوان دامەزراوە ئەكادیمییەکان و كەرتی پیشەسازی.

کە ئەمەش دەرفەتی زیاتر دروستدەکات بۆ ھەرێمی كوردستان کە بانگھێشتی وەبەرھێنەرانی بیانی بكات بۆ وەبەرھێنان لەسەر بنەمای متمانە بۆ سەرمایەگوزاری لە دۆخی سەقامگیر و ئارامی كوردستاندا.

گۆڤاری نەیچەر بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1869 دەستى بە بڵاوكردنەوە كردووەو بەگشتی بە ئاست بەرزترین گۆڤاری زانستی لە جیھاندا ھەژمار دەكرێت. لەم گۆڤارەدا توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز لە بوارەكانی فیزیك، بایۆلۆجی، كیمیا، زەویناسی بڵاودەكرێنەوە. ھەر توێژینەوەیەك لەم گۆڤارەدا پەسەندبكرێت، بە پرۆسەیەكی قوڵی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی زانستیدا تێدەپەرێت.

د. ئەمیر چالی و پرۆفیسور ئیبراھیم كەریمی لە بەشی ئاڵوگۆڕی زانستی گۆڤارەكە كە گۆشەی راو سەرنجی توێژەرانە، لە رێگەی ئەو راپۆرتەیانەوە خوێندنی باڵای ھەرێمی كوردستانیان بە باشترین توێژەران و زانایانی جیھان ناساندووە.