پەرستاران هۆشداری دەدەنە حکومەتی بەریتانیا لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری

خۆپیشاندانی پەرستارانی بەریتانیا
خۆپیشاندانی پەرستارانی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

کۆلێژی شاهانەی پەرستارانی بەریتانیا هۆشداریدا لەوەی وڵاتەکە رووبەڕووی چەندین ساڵ مانگرتن دەبێتەوە ئەگەر حکومەت ستراتیژی مووچەی کارمەندانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نەگۆڕێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (30ــی نیسان/ ئێپرێلی 2023)، پات کالن، سکرتێری گشتی سەندیکای پەرستاران رایگەیاند، داوای یاسایی حکومەت لە دژی پەرستارەکان لەم هەفتەیەدا وای لێکردوون هەست بە وازهێنان بکەن.

دەیان هەزار پەرستار لە بەریتانیا ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە ناو مانگرتنی گشتی بۆ ماوەی 28 کاتژمێر، کە لە ئێوارەی یەکشەممەوە دەستپێدەکات، ئەمەش دوای ئەوەی سەندیکاکە پێشنیارێکی حکومەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکەی لەسەر مووچە ڕەتکردەوە.

لای خۆیەوە ستیڤ بارکلی، وەزیری تەندروستی بەریتانیا مانگرتنەکەی بە بێزارکەر زانی، هەروەها ئەو کۆلێژەی کە نوێنەرایەتی پەرستاران دەکات تۆمەتبار کرد بەوەی ژیانی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەزاران کرێکاری شەمەندەفەر لە بەریتانیا پلانیان هەیە لە 13ــی ئایاردا مانبگرن، دوای ئەوەی سەندیکای نیشتمانی کرێکارانی شەمەندەفەر، دەریایی و گواستنەوە دوایین پێشنیاری مووچەی کۆمپانیاکانی کارپێکردنی شەمەندەفەری رەتکردەوە.

ئەم ناکۆکیەش بووە هۆی مانگرتن کە لە هاوینی ڕابردووەوە جوڵەی ئەو کەرتەی پەکخستووە.