بازرگانانی ویلایەتی میشیگنی ئەمریکا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن

kurdistan24.net

K24 - واشنتن

شاندێکی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە دەستەی وەبەرهێنان، پارێزگای دهۆک و پەرلەمانی کوردستان، بانگهێشتی رێوڕەسمی 20 ساڵەی دامەزراندنی ژووری بازرگانیی کلدانی-ئەمەریکی لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگنی ئەمەریکا کران، لەو سەردانەدا گفتۆگۆيان لەبارەی وەبەرهێنانی ژوورە بازرگانییەکە لە هەرێمی کوردستان کردووه‌.

شاری دیترۆیت شوێنی نیشتەجێبوونی گەورەترین رەوەندی کلدانیانی عێراقە، کە ژمارەیان نزیکەی 200 هەزار کەسە و خاوەن 25 هەزار جۆر بازرگانیین. ژووری بازرگانی کلدانی – ئەمریکی، خاوەنی سەرمایەیەکی 11 ملیار دۆلارییە، ئەندامەکانی ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وەبەرهێنانیان بكه‌ن.

مارتین مانا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی -ئەمەریکی بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە رەوەندێکی گەورەی کلدانین لە دیترۆیت، کە رەنگە 200 هەزار کەس بێت، ئەوان بە 11 ملیار دۆلار بەشدارن لە ژێرخانی ئابووری مشیگن. ئێمە دەمانەوێت لە کوردستان کار بکەین، لە هەولێر و عەنکاوە و هاوکات لە دەشتی نەینەوا بۆ پاڵشتیکردن لە خەڵکەکەمان لە ناوچەکە".

شاندی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەندامانی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی داوایان لێکردون لە تەواوی کەرتە ئابوورییەکان وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بکەن، لەم رووەشەوە ئامادەی هەموو ئاسانکارییەکن.

لەوبارەوە د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەوان پێیان خۆشە بێن وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، بەشێکیان دەیانەوێت کەرەستەی هەرێمی کوردستان بكڕن و بیبەنە دەرەوە، بەشێکی تریان تایبەت دەبن بە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش پێمان گوت کە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین".

گوتیشی: "پەیامی سەرۆکوەزیرانمان پێگەیاندن، کە بڕیاری داوە دەرگاکانی هەرێمی کوردستان کراوەبن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوچەکە، باسی چەند پڕۆژەیەکیان کرد ئێمەش پێمان راگەیاندن کە لە هەموو بوارەکاندا ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن".

لە کۆی قەبارەی 68 ملیار دۆلار پڕۆژەی مۆڵەت پێدراو لە هەرێمی کوردستان 15%یان پڕۆژەی هاوبەش و بیانیین. دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەرگەیان بەرەو وەبەرهێنانی بیانی کراوەیە و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان وەگەڕبخەن.