بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی: دەستەبەری كۆمەڵایەتیمان بۆ زیاتر لە 138 هەزار کرێکار کردووە

زەكییە سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان
زەكییە سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند، 138 ھەزار كرێكار لە ھەرێمی كوردستان دەستەبەری كۆمەڵاتیان بۆ كراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، زەكییە سەید ساڵح، بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دهۆک رایگەیاند، 138 ھەزار كرێكار لە ھەرێمی كوردستان دەستەبەری كۆمەڵاتیان بۆ كراوە و ژمارەیەكی زۆریشیان خانەنشین كراون.

زەكییە سەید ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد، ھەوڵدەدەن لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان زۆرترین مافەكان بۆ كرێكاران دەستەبەر بكەن و كۆمەڵێك پرۆژەی دیكە ھەن بۆ كرێكاران كە لە بەرنامەی كاری حكومەتدان.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، رۆژی جیهانی کرێکارانە و بەو بۆنەیەوە لە سەرجەم دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە.

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، لە پەیامێکدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چاکسازییەکان بەردەوام دەبێت لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان.

سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا روونیکردەوە: پەسەندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا، بەشێکە لە  چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران.