کاتی بەردانەوەی ئاوی بۆری ئیفراز سێی هەولێر راگەیەندرا

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، درەنگانی ئەمشەو قۆناغی یەکەمی گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر کۆتایی پێدێت و ئاو بۆ گەڕەکەکانی هەولێر بەردەدرێتەوە.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لەکاتی سەردانیکردنی پڕۆژەی بەیەک بەستنەوەی پڕۆژەی بۆری ئاوی ئیفراز سێی هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکان بۆ دابینکردنی ئاو زیاتر پشت بەو پڕۆژەیە دەبەسترێت، بەڵام بەهۆی جۆری مادەی بۆریەکە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار بەهۆی شکانی تووشی گرفت بووە، بۆیە بڕیاردرا بۆ گۆڕینی بۆرییەکە بۆ ئەوەی هەولێر لەو گرفتە رزگار بێت.

گوتیشی: "دوای ئامادەکردنی پڕۆژەکە بە سوپاسەوە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر درا بە گۆڕینی بۆری ئیفراز سێ، پڕۆژەکە 11 کیلۆمەترە و گوژمەکەی 21 ملیار دینارە، لە قۆناغی یەکەم لەو شوێنە دەستمان پێکرد کە زۆربەی شکانەکان لەو شوێنە بوو، قۆناغی یەکەم نزیکەی سێ کیلۆمەترە بە گوژمەی چوار ملیار و 357 ملیۆن دینار جێبەجێ کرا".

ئومێد خۆشناو، ئاشکراشی کرد: "ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە کۆتایی پێدێت و بەپێی ئەو پلانەی دانراوە 48 کاتژمێر ئاوی هەولێر دەبڕدرێت، کە هێشتا کاتمان لەبەردەست ماوە، بەپێی بەدواداچوونەکانمان تا درەنگانی ئەمشەو کۆتایی بە کارەکانی قۆناغی یەکەم دێت، بۆرییە نوێ و کۆنەکە بەیەکەوە دەبەسترێتەوە و ئاو بۆ گەڕەکەکانی شاری هەولێر بەردەدرێتەوە و لە بەرەبەیانەوە ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان و گرفتەکە چارەسەر دەبێت".

پارێزگاری هەولێر، بە میدیاکارانی گوت: "بەو هیوایەی چیرۆکی دڵ ناسکی بۆرییەکە کۆتایی بێت و لەمەودوا دڵێکی رەقی دەبێت و ناشکێت".