لوبنان پلانی داناوە زیندانیانی سووری لە وڵاتەکەی رادەستی رژێمی سووریا بکاتەوە

زیندانیانی سووری لەلوبنان نوێژی جەژن دەکەن
زیندانیانی سووری لەلوبنان نوێژی جەژن دەکەن

K24- هەولێر

سەرەڕای دۆزینەوەی میکانیزمی سیاسی و یاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان، حکومەتی نەجیب میقاتی پلانێکی داڕشتووە بۆ دیپۆرتکردنەوەی زیندانیانی سووری لە زیندانەکانی لوبنان بۆ وڵاتەکەیان.

رادەستکردنی زیندانیانی سووری بە وڵاتەکەیان، بووەتە هۆی نیگەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا هەڵمەتێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو، کە داوای دیپۆرتکردنەوەی سوورییەکانیان دەکرد، بەڵام لەناو خۆی لوبنان فشار هەیە بۆ رادەستکردنەوەیان و دەڵێن: ئەوان هەڕەشەن بۆ سەر ناسنامەی لوبنانی و هاوسەنگی دیمۆگرافیای وڵاتەکەیان.

حکومەتی لوبنان لە رێگەی پێداگری خۆیەوە لەسەر رادەستکردنەوەی زیندانییەکان بە وڵاتەکەیان، پارت و هێزە سیاسییەکانی تۆمەتبار کرد، گوایە ئەوان داوای دوورخستنەوەی پەنابەرانی سووریا دەکەن بە هەر نرخێک بێت.

یاسای لوبنان دیپۆرتکردنەوەی هەر کەسێکی بیانی قەدەغە دەکات، کە تاوانێکی لەسەر خاکی لوبنان ئەنجامدابێت، تا دوای کۆتایی هاتنی دادگایی کردنەکەی و تەواوبوونی ئەو سزایەی کە بەسەریدا دەسەپەنێرێت، دواتر دیپۆرتکردنەوەکە بەو مەرجە ئەنجام دەدرێت کە ئەمە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست نەکات.

هێنری ئەلخووری، وەزیری دادی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "هەموو دۆسیەیەکی زیندانیانی سووری پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردی یاسایی هەیە، بەو پێیەی هیچ کەس ناتوانێت بەو ئاسانییە بکەرێکی تاوانێک ئازاد بکات، بە تایبەتی لە تاوانی وەک کوشتن، رفاندن، دزیکردن و ماددە هۆشبەرەکان.

دەشڵێت: "ئەگەر سەلمێندرا کە زیندانی هەیە لە سووریا دۆسیەی دادوەری هەیە، ئەوا رەنگە رێکارەکان ئاسانتر بن، بۆ ئەوەی دادگاییکردنەکانیان لەوێ تەواو بێت، ئاماژەی بەوەشکرد "شاندێکی وەزاری و تەکنیکی سەردانی سووریا دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام پرسی ئەوانەی سزادراون و دەستگیرکراون لەژێر لێکۆڵینەوەی قووڵدا ماونەتەوە".

لە زیندانەکانی لوبناندا هەزار و 800 هاوڵاتی سووریا هەن کە تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە و لە سەدا 82 یان دادگایی کردنەکانیان تەواو نەبووە و تا ئێستاش هیچ بڕیارێکیان لەبارەوە دەرنەچووە و لە سەدا 18 یان سزایان بەسەردا سەپێنراوە و سزاکەیان بەسەر دەبەن.