پارتی و یەکێتی تائێستا لەسەر هەڵبژاردنی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن

پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر:

نزیکەی مانگێک دەبێت، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن وەستاوە، هەردوولا یەکتری بە هۆکاری وەستانی گفتوگۆکان تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئەوەی هەردووکیان لەسەری کۆکن ئەوەیە کە تاکە گرفتی نێوانیان پرسی بەشداری پێکهاتەکانە لە هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ دووشەمە (1ــی ئایاری 2023)، لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پێویستە کورسی پێکهاتەکان هاوشێوەی کورسیە گشتیەکان بە پێی قەبارەی خۆیان دابەشی بازنەکان بکرێت.

لوقمان وەردی، جەختی لەوەکردەوە، هەرکاتێک پارتی رازی بوو کورسی پێکهاتەکان هاوشێوەی کورسییە گشتیەکان دابەشی سەر بازنەکان بکرێت ئەوا هیچ کۆسپ و لەمپرێک نامێنێت لە دەسپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن.

لەلایەن خۆیەوە، هاوار محەممەد، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، سەرکردایەتی پارتی و ئۆرگانەکانی هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە پێکهاتەکان ئازادانە بڕیاربدەن و رێز لە داواکانیان بگیرێت.

هەروەها راشیگەیاند، هیچ بیانووەک نییە کە پارتی خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدزێتەوە و چونکە پرسی پێکهاتەکان تایبەتە بە بڕیاری خودی پێکهاتەکان، پارتی لاری نییە لەسەر هەر بڕیارێکی ئەوان.

پێشتریش یونامی دوو پێشنیازی لە بارەی بەشداری پێکهاتەکان داوەتە پارتی و یەکێتی، پێشنیازی یەکەمی داوایکردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کورسی پێکهاتەکان دابەشبکرێت، پێشنیازی دووەمیشی ئەوەیە پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

هەردوو پێشنیازەکە لە بۆچوونی پارتی و یەکێتی نزیکن کە کێشەیان لەسەری هەیە، لەکاتێکدا پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان پێشنیازی یەکەمی یونامی رەتدەکەنەوە و پێشوازی لە پێشنیازی دووەم دەکەن.