یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 2/5/2023، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر دەستیپێکرد.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا عه‌لی فه‌یلی، راوێژكار له‌ باره‌گای بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و بەناوی لیژنەی سەرپەرشتیاری کۆنفرانس بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، رایگەیاند: "ئەوەی کە بەسەرمان هاتووە تا ئێستا دەنگمان وەکو پێویست نەبیستراوە، ئومێد دەکەین پلان و هەوڵەکانمان سەرکەوتوو دەبن و ئەو ئامانجانە دێنەدی کە هەوڵیان بۆ دەدەین".

عەلی فەیلی، راشیگەیاند: "سوپاسی هەموو ئامادەبووان دەکەم، لە سەرووی هەمووشیانەوە مەرجەعی باڵامان سەرۆک بارزانی، وەفا و رێزی خۆمانی ئاراستە دەکەین، بۆ بڕیارە مێژووییەکەی بۆ بەستنی یەکەم کۆنفرانس لەبارەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، کە ئەمەش وەک هەڵوێستی بەردەوامتانە لە پشتیوانیکردنی کوردانی فەیلیم هەروەها سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانی کوردانی فەیلی دەکەن، سوپاسیان دەکەم بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی زوڵم لێکراوان".

لە بەشێکی وتارەکەیدا، عەلی فەیلی گوتی: "یەکێک لە هۆکارەکان کە وایکرد رژێمی بەعس تاوان دژی کوردانی فەیلی ئەنجامبدات و لە وڵات دەریان بکەن، هەبوونی ویست و خۆشەویستیان بوو بۆ مەلا مستەفا بارزانی، ئێمە ئەو پەیوەندییە مێژووییەمان لەبیر ناچێت کە نێوان مەلا مەستەفا و کوردانی فەیلی هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردەمی رژێمی بەعس، چەندین جار کوردانی فەیلی بۆ دەربڕینی هەڵویستی نەتەوەیی و پاڵپشتی لە شۆڕش و مەلا مستەفا بارزانی دەنگیان هەڵبڕیووە.

عەلی فەیلی، راشیگەیاند: "کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەبوون بۆ جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو، کوردێکی فەیلی ئەوکات سەرۆکی  بازرگانی عێراق بوو رەتیکردەوە کە پشتیوانی لە سەدام حوسێن بکات، لە هەمانکاتدا پشتیوانی لە مەلا مستەفا بارزانی و شیعەکانی دەکرد".

ئەوەشی خستەڕوو: "کوردانی فەیلی هیچ تاوانێکیان نەبوو، تەنیا ئەوە نەبێت کە کورد بوون و پشتیوانیان لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و مەلا مستەفا بارزانی دەکرد".