كریستیانۆ ده‌یه‌وێت یانه‌ی نه‌سڕ جێبهێڵێت

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌گه‌ڵ جۆرجینا و جۆنیۆری كوڕی
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌گه‌ڵ جۆرجینا و جۆنیۆری كوڕی

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی دەیەوێت یانەی نەسری سعوودیه‌ بەجێبهێڵێت، ئەمەش تەنها چەند مانگێک دوای ئەوەی لە مانچێستەر یونایتدەوە ڕووی لە خولی سعوودییه‌ كردووه‌.

رۆژنامه‌ی "ئه‌ل ناسیۆناڵ"ـی ئیسپانیا، بڵاویکردەوە، ڕۆناڵدۆ بیر لەوە دەکاتەوە له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی خولی رۆشنی سعوودیه‌ کۆتایی بە گەشتەکەی له‌ سعوودییه‌ بهێنێت و بگەڕێتەوە ڕیاڵ مەدرید.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ڕیال مەدرید ئامادەیە ئۆفەرێک بۆ ڕۆناڵدۆ پێشکەش بکات، بەڵام وەک یاریزانێک نا، به‌ڵكو وه‌كو باڵیۆزی یانه‌كه‌ ده‌ستبه‌كاربێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا "ئه‌ل ناسیۆناڵ"ـی ئیسپانیادا هاتووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید، پێیوایە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕەتیناکاتەوە ئه‌گه‌ر ئۆفه‌رێكی وه‌كو باڵیۆزی ریال مه‌درید پێشكه‌ش بكرێت، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌كو یاریزانێك ئاماده‌نییه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ، چونكه‌ پێرێز پێیوایه‌ كریستیانۆ وه‌كو یاریزانێك كۆتایی هاتووه‌.

"ئەل ناسیۆنال" لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌ پۆرتوگالییه‌كه‌ "جۆرجینا ڕۆدریگێز"  تامه‌زرۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كجاری بگه‌ڕێته‌وه‌ مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا، به‌وپێیه‌ی هه‌ر له‌و وڵاته‌ له‌ 2017 له‌گه‌ڵ كریستیانۆ یه‌كتریان ناسی و بڕیارییاندا به‌یه‌كه‌وه‌ بژین.

كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە یەکێک لە ئەفسانەكانی ڕیاڵ مەدرید و گۆڵکاری مێژوویی تیپەکە دادەنرێت، بەو پێیەی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2018 لەگەڵ تیپی شاهانە 451 گۆڵی لە 438 یاریدا تۆمارکردووە.

مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو ئەستێرە پورتوگالییەکە گرێبەستێکی بە بەهای 175 ملیۆن یۆرۆ له‌گه‌ڵ نه‌سڕ واژۆکرد، به‌پێی ناوه‌ڕۆكی گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌بێت كریس تا ساڵی 2025 له‌ سعوودییه‌ بمێنێته‌وه‌، بەڵام پێدەچێت مانەوەی یاریزانە 38 ساڵانەکە لە سعوودییە درێژخایەن نەبێت.