سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە: بەهۆی نەچوونە ژێرباری فەرمانەکانی کەسانی دەستڕۆیشتووی هەڵەبجە لە پۆستەکەم لادرام

سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە
سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە

K24 - هەڵەبجە:

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دوای شەش مانگ مانەوە لە پۆستەکەی، سبەی چوارشەممە پۆستەکەی جێدە‌‌هێڵێت و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی نەچووەتە ژێرباری فەرمانی کەسانی دەستڕۆیشتووی هەڵەبجە لە پۆستەکەی لادراوە.

سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی چوارشەممە (3ـی ئایاری 2023) پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە جێدە‌هێڵێت و کەسێکی دیکە شوێنەکەی دەگرێتەوە بەبێ ئەوەی ناوی سەرۆکی شارەوانی داهاتووی هەڵەبجە ئاشکرا بکات.

لەبارەی هۆکاری جێهێشتنی پۆستەکەی، سەید حەکیم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "من لەحاڵەتێکی نائاسایدا پۆستی سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەم وەرگرت، لەکاتێکدا باش دەمزانی سەرەڕای ئەوەی لەلایەن حیزبەوە پشتگیریم ناکرێت، بەڵکو لە چەندین شوێنەوە کەوتونەتە دژایەتی کردنم".

هەروەها سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، "لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمەوە لەلایەن کەسانی دەستڕۆیشتووی ئیدارەی هەڵەبجە کە تەلەفونم بۆ دەکرا بەشێوەی ئەمر و نەهی قسەیان لەگەڵ دەکردم، بێ‌ئاگا لەوەی کەرامەتی خۆم و سەربەرزی بنەماڵەکەم هی ئەوە نییە ئەو جۆرە مامەڵانە قبوڵ بکەم، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە سەنگەریان لێم گرت، ئەوەی ویستیان بیکەن کردیان و، لەکۆتایی‌دا لەو پۆستە لادرام".

سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە باسی لەوەشکردووە، لەماوەی رابردوو بە هەموو شێوەیەک ئەرکی خۆی بە دڵسۆزی جێبەجێکردووە و خەڵکی هەڵەبجەش پشتگیرییان کردووە.

دوای ئەوەی لە تشرینی یەکەمی 2022، کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند، سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی بووە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە.

کوێستان ئەکرەم لەبارەی هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی ئەوکاتە رایگەیاند، تەواوکردنی ماوەی یاسایی لە پۆستەکەیدا کە دوو ساڵە لەگەڵ خەرجنەکردنی هیچ بڕە پارەیەک بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەڵەبجە دەستی لەکارکێشاوەتەوە.