ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لایەنەکانی کەرتی غەززە راگەیەندرا

بۆردوومانی بەرەبایەنی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە | وێنە: AA
بۆردوومانی بەرەبایەنی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە | وێنە: AA

K24 - هەولێر:

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگربەست لەنێوان ئەوان و لایەنەکانی کەرتی غەززە راگەیەندراوە و بەیانی ئەمڕۆ، ئارامی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و ئاراستەکردنی مووشەک لە کەرتی غەززەوە بۆ ئیسرائیل، بەیانی ئەمڕۆ وەستاوە.

لایەنە فەڵەستینییەکانیش ئاماژەیان بەوە داوە "بە نێوەندگیری زۆرێک لەلایەنەکان، بڕیار دراوە لە کاتژمێر 03:30 ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و گرووپە فەڵەستینییەکان رابگەیەندرێت".

شەوی رابردوو ئیسماعیل هەنییە، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاند، بەمەبەستی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام داوە.

دوای ئەوەی بەیانی دوێنێ، فەڵەستنییەکی دەستبەسەرکراو بە ناوی خدر عەدنان کە ماوەی 87 رۆژ بوو لە گرتووخانەیەکی ئیسرائیل مانی لە خواردن گرتبوو مرد لە کەرتی غەزەوە زیاتر لە 30 مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کران و بەم هۆیەوە 30 کەس برینداربوون.

لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش بە فڕۆکەی جەنگیی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد.