‎حەشدی شەعبی لەخورماتوو 20 دۆنم زەوی جوتیارانی كوردیان داگیركرد

خورماتوو
خورماتوو

‎K24 - كەركووك

‎لە گەڕەكی رزگاری شارۆچكەی خورماتوو، هێزێكی حەشدی شەعبی چوونەتەسەر ژمارەیەك جوتیاری كورد و لەسەر زەوییەكانییان دەریانكردوون و پێیانگوتوون جارێكی دیكە لێرە نەتان بینین.

‎یەكێك لەو جوتیارە كوردانەی كە زەوییەكەی لێداگیركراوە، بە كوردستان24ی راگەیاند، ئەوانەی هاتن چەكداری حەشدی شەعبی بوون و دوای سووكایەتییەكی زۆر، تەقەیان بەسەرماندا كردوو، پێیانڕاگەیاندین كە چیتر ئەم زەوییانە هی ئێوە نین، گوتیشی لەنێو زەوییەكانمان خانوو شوێنی حەوانەی خۆمان هەیە و پێیان له‌ وه‌ڵامدا گوتیان، ئێرە شوێنێكی سەربازییە و دەكرێتە بارەگا.

‎ئەو جوتیارە كوردە سەبارەت بە خاوەندارێتی زەوییەكانیان رایگەیاند، نزیكەی 50 ساڵە بەكاری دەهێنن و كار و كاسبییان لەسەر ئەو زەوییانەبووە و یەكەمجارە تووشی حاڵەتێكی لەوجۆرە دەبن.

‎داواشیكرد بەرپرسانی كورد لەبەرامبەر ئه‌و پێشێلكارییانەی لە دژی كورد ئەنجام دەدرێن بێدەنگ نەبن و مافەكانیان بۆ وەرگرنەوە.