رێبەر ئەحمەد: عێراق نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

وەزیری ناوخۆ داوایەک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ

K24 - هەولێر:

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌كو پێویست ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران، باسی لەوەکرد، پێشبینی دەکرێت ئەم ناوەندە خزمەتگوزاری پێشکەش بە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر بکات کە لە پارێزگای هەولێرن.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا، لە سەدا 50ـی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، گوتیشی: بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە و رێکارەکان وەک پێویست نین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

رێبەر ئەحمەد داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵتی کرد، ئەرکی هاوکاریکردنی پەنابەران بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان جێنەهێڵن.

وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، گوتیشی: راستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەرکی خۆی جێبەجێناکات.