کامەران یونس: سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە ناوەندێکی تایبەت بە کوردانی فەیلی دابمەزرێنێت

کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین
کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین

K24 - هەولێر:

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین - هەولێر، رایدەگەیەنێت، بیرۆکەی ئەنجامدانی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لەلایەن سەرۆک بارزانیەوە درا، لەبەر گرنگی دۆسیەی کوردانی فیەلی جەنابیان بڕیاریاندا، یەکەم کۆنفڕانس لەسەر جینۆسایدی کوردانی فەیلی ئەنجامبدرێت.

کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، لە رۆژی دەستپێکی کۆنفراسەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ناوەندێکی تایبەت بە کوردانی فەیلی دابمەزرێنێت، لەو ناوەندەدا کاربکرێت بۆ بەرگریکردن و گەڕاندنەوەی مافی کوردانی فەیلی.

هەروەها راشیگەیاند، لەو ناوەندە کار دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەل حکومەتی عێراق بۆ گێڕانەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی و قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین - هەولێر، لەبارەی یەکێک لە راسپاردەکانی کۆنفڕاسەکە گوتی: "داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، جینۆساید ببێتە بابتێکی سەرەکی لە هەموو زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بخوێندرێت".

رۆژی دووشەممە (2ــی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر بەڕێوەچوو.