رەئیسی بە واژووکردنی 15 رێککەوتننامە کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ سووریا هێنا

بەشار ئەسەد و ئیبراهیم رەئیسی
بەشار ئەسەد و ئیبراهیم رەئیسی

K24 - هەولێر:

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆتایی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ دیمەشق، لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا ، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی، ئابوورییەکان و هاوکارییەکان لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە دوای 12 ساڵ لە شەڕی ماڵوێرانکەر کردەوە.

سەردانەکەی رەئیسی بۆ دیمەشق یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانە لە ساڵی 2010ەوە، هەرچەندە لە ساڵانی جەنگدا تاران پاڵپشتی سیاسی، سەربازی و ئابووریی پێشکەش بە سووریا کرد، کە یارمەتیدەر بوو لە گۆڕینی رەوتی ململانێکان بە قازانجی دیمەشق.

رەئیسی نزیکەی نیوەشەوی پێنجشەممە - هەینی لەگەڵ شاندی وەزاری یاوەری، دیمەشقی بەجێهێشت و بەگوێرەی راپۆرتی سەرۆکایەتی ئێران لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانە ماڵئاوایی لە هاوتا سورییەکەی کرد.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە کۆتایی سەردانەکەدا، هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ "پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان" دەربڕی و "هاوکاریی هەنووکەیی خۆیان سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی" سووریا دووپاتکردەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا "گفتوگۆی قووڵیان ئەنجامداوە و تیشکیان خستووەتە سەر هەوڵەکانی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای پەیوەندیی برایانە و ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات".

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی بازرگانان رۆژی پێنجشەممە، رەئیسی دووپاتیکردەوە کە سەردانەکەی "خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا پێکدەهێنێت، هەروەها کاریگەری لەسەر ناوچەکە، پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت".

سەرۆک کۆماری ئێران گوتیشی، ئێمە لەگەڵ سووریا سەرەڕای پەیوەندییە سیاسییەکانمان لەگەڵ یەکتر، گرنگی تەواو بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان دەدەین.

رۆژی چوارشەممە، هەردوولا لە چوارچێوەی پلانێکی تۆکمەی درێژخایەنی هاوکاریی ستراتیژیدا، 15 رێککەوتننامەی هاوکارییان واژوو کرد.

دواتر سەرۆکایەتی سوریا رۆژی هەینی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئەسەد و رەئیسی تاوتوێی هەنگاوەکانی ئابووری کە لە قۆناغی داهاتوودا لە بواری وێستگەکانی کارەبا، وزە، گەشتیاری، پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش و خێراکردنی رێکارە دوو قۆڵییەکان کە پێویستن بۆ دامەزراندنی بانکێکی هاوبەش لە نێوانیان بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی".