قەتەر یەکەم فڕۆکەی هاوکارییە مرۆییەکانی رەوانەی سوودان کرد

بەشێک لە هاوکارییە مرۆییەکانی قەتەر کە بۆ سوودان نێردراون | وێنە: DOHA NEWS
بەشێک لە هاوکارییە مرۆییەکانی قەتەر کە بۆ سوودان نێردراون | وێنە: DOHA NEWS

K24 - هەولێر:

قەتەر یەکەم فڕۆکەی هاوکارییەکانی رەوانەی سوودان کرد و بڕیارە جگە لە خۆراک و پێداویستی پزیشکیی، کەرەستەی پێویستیش بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەی گەڕۆک بنێردرێت.

ئاژانسی هەواڵی قەتەر QNA بڵاوی کردەوە، تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر رێنمایی داوە بۆ دامەزراندنی "پردێکی ئاسمانی" و ناردنی هاوکاری بۆ خەڵکی سوودان کە بەهۆی ململانێکانەوە لە دۆخێکی سەختدان.

لەگەڵ دامەزراندنی پردی ئاسمانی، رێکخراوی خێرخوازیی قەتەر، مانگی سووری قەتەر و سندوقی گەشەپێدانی قەتەر، پێداویستیی خۆراک و پزیشکی دەنێرن بۆ سوودان، هاوکات کەرەستەی پێویست بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەیەکی گەرۆک، دەنێردرێتە سوودان. لەو چوارچێوەیەشدا راگەیەندرا کە یەکەم فڕۆکەی هاوکاری کە 40 تۆن خۆراکی هەڵگرتبوو، گەیشتە شاری پۆرت سوودان لە رۆژهەڵاتی سوودان.

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دامەزراندنی ئەو پردە ئاسمانییەی کە باسی لێوە دەکرێت، دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانیی قەتەرە بۆ گەلی سوودان.

15ی نیسان لە خەرتوومی پایتەخت و شارەکانی دیکەی سوودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا".

وەزارەتی تەندروستیی سوودان پێشتر رایگەیاند لە ئاکامی پێکدادانەکاندا لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە، 551 کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و 926 کەسیش برینداربوون.