کتێبی "چێشتخانەی کوردی" بەزمانی هۆڵەندی بڵاودهكرێتەوە
K24 - بەلجیکا
بۆ یەکەمجار لە بەلجیکا چێشتلێنەرێکی کورد بە زمانی هۆڵەندی کتێبێک دەنووسێت بە ناوی (چێشتخانەی کوردی) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبووونی ئەوروپییەکان و رەوەندی کوردی کتێبەکە نمایش کرا، لە کتێبەکەدا باس لە سەرجەم خواردنە کوردییەکان کراوە و تەواوی زانیاری و پێکهاتە و وێنەی خواردنەکانی تێدایە، چێشتلێنەرەکە دەڵێت: ئامانجم ئەوەیە ئەوروپییەکان زیاتر ئاشنای خواردنە کوردییەکان بکەم.
رۆشان جەعفەر چێشتلێنەر و نووسەری کتێبەکە زیاتر لە 25 ساڵە لە بەلجیکا دەژیت، ناوبراو 10 ساڵە خواردن بۆ خانەی بەساڵاچووان لە شاری لۆڤنی بەلجیکا ئامادە دەکات، لە بۆنە و رێوڕەسمە تایبەتە ئەوروپییەکان داوای لێدەکرێت بۆ ئەوەی خواردن ئامادە بکات، ئەو هەوڵ دەدات لە داهاتوودا کتێبەکە وەربگێردرێتە سەر زمانەکانی فەرەنسی، ئینگلیزی و ئەڵمانی.
رۆشان، بە کوردستان24ی گوت: "کاتێک دەچوومە ئاهەنگ و بۆنەکان خواردنم ئامادە دەکرد، بەلجیکییەکان زۆر دەیانگوت خواردنت خۆشە، هاوسەرەکەم پێشنیازی ئەوەی کرد کە کتێبێک لەبارەی خواردنە کوردییەکان بڵاوبکەمەوە".
گوتیشی: "لە پلانم دایە لە داهاتوودا کتێبەکە وەربگێڕمە سەر زمانەکانی فەرەنسی، ئینگلیزی و ئەڵمانی".
لە بەشێکی دیکەی رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکە، گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشکەش کران، گەرم و گوڕی و جۆش و خرۆشی زیاتری بەخشیە ئامادەبووانی بەلجیکی و رەوەندی کوردی، لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا هەمووان خواردنەکانیان تاقیکردەوە کە بەدەست و پەنجەی چێشتلێنەرە کوردەکە ئامادە کرابوون.