رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: كۆرۆنا چیتر باری لە ناکاو نییە لە جیهاندا

K24 - هەولێر:

تێدرۆس ئادهەنۆم غێبراسیەس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی هەینی رایگەیاند، پەتای کۆرۆنا چیتر باری لەناکاو نییە لە جیهاندا وەک ئاماژەیەکی سەرەتایی بۆ کۆتایهاتنی پەتاکە کە بووە هۆی مردنی ملیۆنان کەس لە جیهاندا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

بڕیارەکە دوای ڕاوێژکردنی نێوان پسپۆڕانی ڕێکخراوەکە هات دوای ئەوەی گوڕی پەتاکە بەرەو لاوازی ڕۆشتووە لە پارساڵەوە.

دکتۆر تێدرۆس ڕایگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە کۆڤید-19 وەک بارێکی لەناکاوی جیهانی کۆتایی هات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە مەترسی پەتاکە لەسەر جیهان کۆتاییهاتبێت."

لە ساڵی 2020، ڕێکخراوەکە باری لەناکاوی تەندروستی لەسەرانسەری جیهان ڕاگەیاند و هەر زوو وڵاتان سنوورەکانیان داخست و کەرەنتینەی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند بە شێوەیەک کە جیهان بەخۆییەوە نەبینیبوو.

زیاد لە حەوت ملیۆن کەس تاوەکوو ئێستا لە سەرانسەری جهیاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەڵام بەرپرسانی ڕێکخراوەکە پێیان وایە ئەو ژمارە نزیکەی 20 ملیۆن دەبێت.

لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش هاوشێوەی وڵاتان کەرەنتینەی سەرتاسەری ڕایگەندرا لە ساڵی 2020 بۆ بەرگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

تاوەکو ئێستا زیاد لە حەوت هەزار و ٤٠٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستداوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا بڵاوی کردۆتەوە.