کۆنگرەی بەغدا بۆ ئاو بەدوای چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی دەگەڕێت

K24 - بەغدا:

سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاو لە  بەغدا، لەژێر دروشمی (کەمی ئاو، زۆنگاوەکانی دۆڵی رافیدەین، ژینگەی شەتولعەرەب، بەرپرسیاریەتی هەمووان) دەستیپێکرد و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ زیاترکردنی بەنداوەکانی هەرێم دەکەن و حکومەتی عێراقیش دراوسێکانی پێکەوە کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری زیادکردنی بەشەئاوی عێراق بدەن.

هەردوو روباری دیجلە و فورات لە عێڕاق 70% ئاوی گلدراوی کەمیکردووە، نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە میانی بەشداری کردنیان لە کۆنفراسی نێودەوڵەتی ئاو و وشکە ساڵی لە بەغدا، مەترسیەکانی کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی عێڕاقیان خستەڕوو، داواش دەکەن بەنداوی زیاتر دروست بکرێت تاکو کەرتی کشتواڵی و گەشتیاری زیانی کەمتر بەرکەوێت .

لە ماوەی سێ ساڵە رابردوو گەورەترین وشکە ساڵیی لە مێژوودا رووی لە عێراق کردووە، زیاتر لە حەوت ملیار و 500 ملیون سێجا ئاوی گلدراوەی کەمی کردووە کە دەکاتە 70% ئاوی هەردوو روباری دیجلە و فورات، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ولاتی ئێران تەنیا 20% و وڵاتی تورکیاش 80% ئاوی عێراق بەردەداتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کار بۆ ئەوە دەکات، بەنداوی زیاتر دورست بکات ، تاکو گرتنەوەی ئاوی عێراق لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە کاریگەری زۆری نەبێت، بەڵام بە هۆکارە سیاسییەکان، وەزارەتی سەرچاوەئاوییەکانی عێراق بەربەست دروست دەکەن،  ئەمەش لە میانی کۆنفراسی نێودەوڵەتی ئاو و وشەکەساڵی لە بەغدا نوێنەرانی هەرێم خستیانەڕوو.

لەلایەن خۆیەوە، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران و سوریا و تورکیا لەکۆنفرانسی بە‌غدا بۆ ئاو دەیانخاتە سەر هەڵوێستێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دابینکردنی بەشە ئاوی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان.

عەون زیاب راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق پاڵپشتی سەرەکی رووبەڕووبوونەوەی کەم ئاوی دەکات.