ژمارەیەک چالاکوانی هەڵەبجە واژۆ دژی بەرپرسانی ئیدارەی شارەکەیان کۆدەکەنەوە

K24 – هەڵەبجە

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە چالاکوانانی هەڵەبجە لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە گردبوونەتەوە و واژۆ دژی بەرپرسانی ئیداری شارەکەیان کۆدەکەنەوە.

چالاکوانانێکی بەشداربووی گردبوونەوەکە بە کوردستان24ی گوت: "یەکێک لە داواکانمان ئەوەیە داوا لە حکومەت دەکەین ئەو کەسانەی بەرپرسیاریەتی لەم شارە وەردەگرن دەبێ ماڵیان لە هەڵەبجە بێت نەک شوێنی دیکە بژین و لێرە بەرپرسیاریەتیان پێبدرێت، دەبێ لەگەڵ خەڵک و موعاناتی ئەم شارە بژیت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆکی شارەوانی و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکە لەکار لابران کە ماڵیان لە هەڵەبجەیە، ئەوانی دیکەش ماونەتەوە کە لە شارەکانی دیکە بۆ دەوام دێنە ئێرە".

راشیگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی یاداشتەکەیان کە واژۆی بۆ کۆدەکەنەوە لەکارلادانی پارێزگاری شارەکەیە.