نەوت لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا فشار دەخاتە سەر ئابووری سعوودیە

گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی سعودیە بۆ 3.9% دابەزیوە

K24 - هەولێر

بەگوێرەی داتا سەرەتاییەکانی دەستەی گشتی ئاماری سعوودیە، بەرهەمی گشتیی ناوخۆی شانشینی سعوودیە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 3.9% زیادیکردووە بەشێوەیەکی ساڵانە، کە کەمترین رێژەی گەشەسەندنە لە ماوەی حەوت چارەکی رابردوودا.

بەگوێرەی داتاکان، گەشەی ئابووری سعوودیە لە چارەکی یەکەمدا بەشێوەیەکی ساڵانە خاوبووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کەرتی نەوت کەمترین رێژەی گەشەی لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا تۆمارکردووە کە تەنیا 1.3% بووە، لەکاتێکدا سێکتەرە نانەوتییەکانی وڵاتەکە 5.8% گەشەیان کردووە لە هەمان ماوەی ساڵدا، ئابوورییە دەوڵەمەندە نەوتییەکانی هەرێمی کەنداو ساڵی رابردوو بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەستکەوتێکی چاوەڕواننەکراویان بەدەستهێنا، بەڵام ئەمساڵ دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 80 دۆلار لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتانەدا نییە.