گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر وشکبوونی زۆنگاوەکانی عێراق هەیە

K24 - زیقار

ئاو لە زۆنگاوەکانی جبایش کەمیکردووەو زۆرینەی دانیشتووانی سنورەکە دەڵێن: ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە نەکرێت و لەگەڵ تورکیا و ئێران گفتوگۆ نەکرێت بۆ کردنەوەی ئاو، تەواوی ناوچەکە چۆڵ دەکرێت و کەسی لێ نامێنێت.

سەعەد مەیاحی، شۆفێری بەلەمە لە زۆنگاوەکانی جبایش، باسی کەمبوونی ئاو دەکات و بە کوردستان24ی گوت: "ئەم ئاوە هی رووبارەکەیە لە سەرەوە هاتووە، ئەمە دەبینی ئێستا وشکبووە دەوروبەری پێشوتر سێ هێندە ئاو هەبوون لێرە، هیچ ئاو نییە دوو ساڵە ئەمە حاڵمانە".

خەمی گەورەی خەڵک ئێستا بووەتە دابینکردنی ئاو، چونکە بەلایانەوە قورسە زۆنگاوەکان جێبهێڵن، بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەن، پەلە بکەن لە چارەسەرکردنی گرفتەکەیان.

لەوبارەوە عەلا رکابی، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: "زۆرینەی سەرچاوەکانی ئاو کە لەلایەن ئێرانەوە ئاوی بۆ دەهات وشکبوون، هەروەها سەرچاوەی ئاوی زۆنگاوەکان زۆرینەی وشکبوون".

بەرپرسانی ئیداری پارێزگای زیقار، چەند جارێک کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا ئەنجامداوە، تاکو لە رێگای وەزارەتی دەرەوە فشار لە وڵاتانی ئێران و تورکیا بکەن بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، تاکو ئێستا کۆبوونەوەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە. لە ئێستاشەوە چاوەرێی هاوینێکی پڕ لە قەیرانن لە پارێزگاکەیان.