وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ئەمساڵ ناتوانین سەرژمێری گشتی ئەنجام بدەین

وەزارەتی پلاندانانی عێراق
وەزارەتی پلاندانانی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، پێویستیان بە 15 مانگە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە وڵاتدا و پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ساڵی داهاتوو بتوانن ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن ئەگەر بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.

لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەکردووە، پێویستیان بە هەشت مانگە بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی سەرژمێری و پێویستیان بە حەوت مانگی دیکەیە بۆ جیاکردنەوە و ژماردن و راهێنانی ئەو کەسانەی پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن.

لە نووسراوەکەیدا بۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی بودجە و دابینکردنی پارەی پێویست بۆیان، ئەوا لەمانگی یازدەی ساڵی داهاتوو دەتوانن پرۆسەکە ئەنجامبدەن.

پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو، پێویستی بە 120 ملیار دینارە وەک بودجەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە وڵات، کە ماوەی چەند ساڵە لە چاوەڕوانی دابینکردنی بودجەیە.

ساڵی 1997 دوایین سەرژمێری بوو لە عێراقدا ئەنجامدراوە و بەپێی ئامارەکانیش ئێستا 42 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراقدا دەژین بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێرییەوە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی تەواو بەردەست نییە.

یەکێکی دیکەش لەو کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بووەتەوە لە چەند ساڵی رابردوو، بریتییە لە سەرژمێریکردن لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین کە یەکێکە لە داواکارییەکانی کورد بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی ماددەی 140ـی دەستوور، کە لە بەرامبەردا هەوڵێک هەبووە لە بەغدا بۆ رەتکردنەوەی ئەو کارە.