گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: ماڵپەری وەزارەتەکەمان هاککراوە

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکەیان هاک کراوە، "بەڵام دەستبەسەر بەڵگەنامە و زانیارییەکان دانەگیراوە."

رۆژی دووشەممە 8ـی نیسانی 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران (IRNA) راگەیاند، ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکە هاک کراوە و ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەکان و زانیارییەکان دەکەن.

کەنعانی رایگەیاند، هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر رووکاری ماڵپەرەکە و ئاماژەی بەوە دا، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و تەواوی سیستەمی خزمەتگوزارییەکان چالاکانە بەڕووی رای گشتییدا کراوەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی گوتیشی: "ئەو زانیاریانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی وەزارەتی دەرەوەمان بڵاو کراونەتەوە، هەڵە و بێ بنەمان. پەیوەندی بەوەوە نییە کە رووی داوە (هێرشی ئەلیکترۆنی)".

بەگوێرەی مێدیاکانی ئێران، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنجامی هێرشی گرووپێکی هاککەر بۆ ماوەیەک لەکار کەوت. ئەو گرووپەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە بانگەشەی ئەوەیان کردووە، دەستیان بەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنییی وەزارەتەکەدا گرتووە.

دەنگۆی ئەوەی بڵاوببووەوە، لەنێو زانیارییە دەستبەسەرگیراوەکاندا، ناسنامە، نووسراوی وەزارەت، ژمارە تەلەفۆن و لیستی هەزاران فەرمانبەری وەزارەت هەبووە.