بارسێلۆنا ئاماده‌یه‌ نێیمار و مێسی به‌یه‌كه‌وه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌

نێیمار دا سیلڤا و لیۆنێل مێسی به‌ درێسی بارسێلۆنا
نێیمار دا سیلڤا و لیۆنێل مێسی به‌ درێسی بارسێلۆنا

به‌ گوێره‌ی میدیایه‌كانی ئیسپانیا بارسێلۆنا پلانێكی نوێی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی داناوه‌ و پێشوازی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیماریش ده‌كات، به‌ڵام بۆ یاریزانه‌ به‌رازیلییه‌كه‌ مه‌رجێكی بۆ پاریس داناوه‌.

رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ بارسێلۆنا ئاماده‌یه‌ فرێنكی دی یۆنگ تێهه‌ڵكێشتی گرێبه‌سته‌كه‌ی لیۆنێل مێسی بكات، به‌وپێیه‌ی ناوه‌راستكاره‌ هۆڵه‌نداییه‌كه‌ مووچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و گرێبه‌سته‌كه‌ی 3 ساڵی دیكه‌ی ماوه‌، بارسا ده‌توانێت له‌ رێگه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون له‌ دی یۆنگ قورساییه‌كی دارایی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌م بێته‌وه‌ و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێت لیۆ بگه‌ڕێنێـته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یه‌وه‌، پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە نێیمار ڕزگاری بێت؛ بەهۆی ئه‌و كێشه‌ كه‌سی و تایبه‌تییه‌ی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ هه‌یه‌تی، ئەمە جگە لەو پەیوەندییە ئاڵۆزانه‌ی لەگەڵ هاندەرانی پاریس و پێکانە زۆرەکانی.

ڕۆژنامەی "لی سپۆرت 10"ـی فه‌ره‌نسا ڕایگەیاندووە، بارسێلۆنا گه‌ڕانه‌وه‌ی نێیمار ره‌تناكاته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ هاوشانی مێسی به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ پێشوازییان لێ بكات، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە نێیمار و پاریس مەرجەکانی بارسا جێبه‌جێ بكه‌ن.

بارسێلۆنا داوا دەکات گەڕانەوەی نێیمار بە خواستن بێت، یاریزانەکە دەستبەرداری بەشێکی زۆری مووچەکەی بێت، یان پاریس رازی بێت كه‌ به‌شێكی زۆری مووچه‌كه‌ی نێیمار بدات.

نێیماری تەمەن 31 ساڵ، گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس تا ساڵی 2025 هەیە، ئەگەری درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە هەیە.

پێشتر میدیایه‌كانی كه‌ته‌لۆنیا باسیان له‌وه‌ كردبوو بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت لەم هاوینەدا لە چەند باڵێکی هێرشبەر ڕزگاری بێت بۆ ئەوەی پارە زیاتر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی كۆبكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی ده‌یه‌وێت كڕیار بۆ رافینیا، فێران تۆرێس و ئەنسۆ فاتی په‌یدا بكات، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری فرۆشتنی عەبدولسەمەد ئەلزەلزولی هەیە، ئەگەر ئۆفەرێکی گونجاوی پێبگات.

نێیمار دا سیلڤا و لیۆنێل مێسی به‌ درێسی پاریس سانجێرمان
نێیمار دا سیلڤا و لیۆنێل مێسی به‌ درێسی پاریس سانجێرمان