هەڤاڵ ئەبوبەکر: کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگره‌كه‌ی هەنگاوێکی باشە

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

K24 - هەولێر:

پارێزگاری سلێمانی، کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی بە ئەرێنی وەسفکرد و هیواشیخواست کۆبوونەوەکان لە ئاستی پراکتیکی دابن و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر دۆخی هه‌رێم هه‌بێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، نزیکبوونەوەی پارتی و یه‌كێتی کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە لایه‌نەکان متمانە دروست بكه‌نه‌وه‌.

پارێزگاری سلێمانی، راشیگەیاند، دەبێت حکومڕانی بەهێز و پتەو لە کوردستان دروستبکرێت و ئەم کۆبوونەوەیە نەبێتە دەستکەوتی کەسی، بە تایبەت بۆ هەڵبژاردن، پێویستە ئەنجامەکەی رەنگبداتەوە لەسەر دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەکان لەسەر هەرێمی  کوردستان جددین و جدیبوونی هەڕەشەکانیش وایکردووە ئەو دوو کەسایەتیە کۆببنەوە، هەروەها دەبێت خەریکی دروستکردنی کیانێکی یەکگرتوو بین.

پارێزگاری سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئێستا بۆ کورد رەخساوە، نابێت لە دەستی بده‌ین.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، هەموو کێشە قوڵەکان بە كاتژمێرێك چارەسەر دەکرێن.

سەبارەت بە کێشەی نەمانی مووچە لە بانکەکانی سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "نەمانی مووچە لە پارێزگای سلێمانی، پەیوەندی بە هەموو لایەنه‌کان و بازرگانانەوە هەیە، لە هەولێر تا رادەیەکی باش پارە سپیکردنەوە کەمبوو، پڕۆژەکانیش بەردەوام بوو، بەڵام لە سلێمانی وانەبوو، دۆخەکە به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ولێر ئالۆزتربوو".

هەروەها گوتیشی: "له‌ پارێزگای سلێمانی پڕۆژەی نوێ بە دەگمەن کراوە، زۆربه‌ی پڕۆژەکان تەواو نەکراون و داهاتیش هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی".

لە بارەی ناردنی بودجە لەلایەن بەغدا و جیاکردنەوەی بەشی سلێمانی هەڤال ئەبوبەکر، دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمە لەگەڵ ئەوەین بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان یەک پاکێج بێت.

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەکردەوە،  ئەنجامدانی هەڵبژاردن گرنگە، ئه‌و هەڵبژاردنه‌ گرنگە کە گۆڕانکاری بێنێتە کایەوە و لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.