ئەمەریکا: لەگەڵ هەر حکومەتێک کاردەکەین کە گەلی تورکیا هەڵیدەبژێرێت

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ هەر حکومەتێک کە گەلی تورکیا لە 14ی ئایاردا هەڵیدەبژێرێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمەریکا نابێت.

پاتێل، لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا و لە وەڵامی پرسیاریک سەبارەت بە ئایا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا دەبێت یان نا، گوتی: "نەخێر کاریگەری نابێت".

پاتێل، گوتی: "لەگەڵ هەر حکومەتێک کە لەلایەن گەلی تورکیاوە هەڵدەبژێردریت بەردەوام دەبین لە پێکەوە کارکردن، قووڵکردنەوەی ئەم پەیوەندییانە و کارکردن لەسەر ئەولەوییاتە هاوبەشەکان".

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگە بۆ ناتۆ و رۆلی گرنگی لە چەندین پرسی گرنگ بۆ ئەمەریکا گێڕاوە و گوتی: "تەنها دەمەوێت ئاماژە بە سەرکردایەتی تورکیا لە بابەتی جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی دانەوێڵەی دەریای رەش و رۆڵی لە رێکخستنی کۆبوونەوەکان بکەم. بە سایەی سەرکردایەتی ئەوان و رۆڵیان لە رێکخستنی کۆبوونەوەکان میکانیزمێک پێکهێنرا کە رێگەی لە رووسیا گرت دانەوێڵە وەکو چەکێک بەکاربهێنێت".

ڤیدانت پاتێل، ئاماژەی بەوە کرد، ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکاندا لایەنگری ناکات و گوتی: "تاکە هیوامان، بینینی هەڵبژاردنێکە کە پشتبەستووبێت بە پرۆسەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە".