نەتەوە یەکگرتووەکان: هەفتانە زیاتر لە 10 کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن

سزای لەسێدارەدان
سزای لەسێدارەدان

K24 - هەولێر:

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتی ئێران ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لەسێدارە داوە، بەجۆرێک هەفتانە زیاتر لە 10 کەس لەسێدارە دەدرێن.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم 209 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: پێدەچێت ژمارەی راستەقینەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.

ڤۆڵکەر تورک گوتی: بە تێکڕا، ئەمساڵ حکومەتی ئێران تا ئێستا هەفتانە زیاتر لە 10 کەسی لەسێدارە داوە و ئەمەش وایکردووە کە ئێران ببێتە وڵاتی یەکەم لە زۆری ژمارەی جێبەجیکردنی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا.

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی خستەڕوو، بەم ڕێژەیە، ئێران بە شێوەیەکی نیگەرانکەر لەسەر هەمان رێڕەوی ساڵی رابردووە کە بەپێی راپۆرتەکان نزیکەی 580 کەس لە سێدارە دراون.

دوێنێ دووشەممە 8ـی ئایار، دوو کەس لە ئێران بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەسێدارە دران، ئەمەش کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

هەردوو رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و رێکخراوی (ئەنسەمپڵ کۆنتر لا بەین دومۆر) کە بنکەکەیان لە نەرویج و پاریسە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو رایانگەیاند، ژمارەی ئەو سزا لەسێدارەدانانەی لە ساڵی 2022 لە ئێران جێبەجێکراون، بە رێژەی 75%  زیادیکردووە و لانیکەم 582 کەس بەشێوەی هەڵواسین لە سێدارە دراون.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022، ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێت، دوای چەند رۆژێک بە برینداری دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و لەوێ گیان لەدەستدەدات، رووداوەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە لە دەیان شار و ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی سەریهەڵدا و خۆپیشاندان دەستیپێکرد.