تورکیا ناوەندێکی هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ دیمەشق و مۆسکۆ و تاران  دادەمەزرێنێت

دیمەنێکی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی مۆسکۆ
دیمەنێکی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی مۆسکۆ

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگری تورکیا رێککەوتنێکی نویێ بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی سەربازی لە سووریا بە بەشداری تورکیا، رووسیا و سووریا و ئێران ئاشکرا کرد.

خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی هەواڵگری هەر چوار وڵات لە مۆسکۆ گوتی "ئێمە گوتمان رێز لە سەروەریی دراوسێکانمان دەگرین، ئێمە پێمان گوتراوە کە پێویستە دەستبەجێ تیرۆریستان لەناو ببەین،  ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە پێویستە پێکەوە لە دژیان بوەستین و لەم چوارچێوەیەدا رێککەوتین لەسەر دامەزراندنی ناوەندێکی هەماهەنگی لەسەر خاکی سووریا."

ئاکار گوتیشی: ئێمە بە راستگۆیی نیگەرانییەکانمان دەربڕی ئێمە بە هیچ شێوەیەک هێزێکی داگیرکەر نین لە سووریا و گرنگترین ئامانجمان شەڕی تیرۆرە، ئێمە پێمان گوتن کە تاکە ئامانجی ئێمە تیرۆریستەکانە.

ئاکار جەختی لەوە کردەوە کە سوپای تورکیا بە کاریگەرترین رێوشوێن سنوورەکان دەپارێزێت،  دەشڵێت: "سنوور شەرەفێکە"، پێویستە بزانرێت ئەگەر رێڕەوی تیرۆر قەدەغە نەکرابایە، ئەمڕۆ رووبەڕووی بارودۆخێکی سەختتر و ئاڵۆزتر دەبووینەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "تورکیا هەمان گرنگی بە ئاسایش و پاراستنی پێکهاتە مێژوویی و ئایینی و کولتوورییەکان دەدات، کە لەو ناوچانەی هێزەکانی لە سووریا بوونیان هەیە و خەڵکی بێتاوان دەپارێزێت بەبێ گوێدانە ئایین و نەژادیان."

وەزیری بەرگری تورکیا، جەختیشی کردەوە، کە تورکیا پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و دەبێت گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە بێت.

دیمەشق مەرجی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا و راگرتنی پشتیوانی لە گرووپەکان لە لایەن ئەنقەرەوە هەیە، لە کاتێکدا تورکیا دەڵێت، هیچ مەرجێکی پێشوەختە قبوڵ ناکات بۆ دانوستانەکان، ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ئەو لە سووریا بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی و ئاسایشی خەڵکەکەیە.